شۆڕش غەفووری دوو كتێبی گرنگ بڵاو دەكاتەوە

:: AM:09:03:05/01/2026 ‌
شۆڕش غەفووری دوو كتێبی نوێ بڵاو دەكاتەوە، هەردوو كتێبەكەی لە فارسییەوە وەرگێڕاوە، كتێبی یەكەمیان دید و تێڕوانینی ڕەخنەیی نووسەرانی فارسینووسە لەسەر چەند ڕۆماننووسێكی كورد، ئەوی تریان چیرۆكی ئازاری ژنانی زیندانییە، هەڵبەت بە گێڕانەوەی ژنە بوێر و زیندانییەكەی ئێران.

وەرگێڕ لەبارەی هەردوو كتێبەكەوە بۆ "وشە" گوتی، "نووسەرانی كورد چۆن دەنووسن؟" ئەم كتێبە، دید و تێڕوانینی ڕەخنەیی نووسەرانی فارسینووسە لەسەر چەند ڕۆماننووسێكی كورد، لەوانە "جەبار جەمال غەریب، شێرزاد حەسەن، بەختیار عەلی، عەتا محەمەد، بەڕۆژ ئاكرەیی و جان دۆست"، بەندە كردوومن بە كوردی و لە دووتوێی كتێبێك و لە چوارچێوەی زنجیرە كتێبەكانی «نووسەران چۆن دەنووسن؟» بڵاوم كردەوە.

ئەوەشی گوت، هیوادارم بەم كارەم توانیبێتم ئەو دیدەی بۆ دەقی كوردی و تێڕوانین و ئایدیای نووسەرانی كورد لە دەرەوەی كوردستان هەیە، خستبێتمە ڕوو تا خوێنەرانمان بزانن ئەوان چۆن بیرمان لێ دەكەنەوە؟

لەبارەی كتێبی دووەم غەفووری گوتی، كتێبی دووەم بەناوی "بانگهێشتی دەواڵپای ڕیسوایی بە كێكەسێو"، ئەم كتێبە حیكایەت و یادەوەرییەكی سادە نییە، گرمۆڵەیەك ئازاری سەرچاوەگرتووە لە نەریت و پیاوسالاری و ئاین و دیكتاتۆرییەت.

"كتێبێك كە ئەشكەنجە و بێدەسەڵاتی و زوڵمی لێ دەچۆڕێت! ئەم كتێبە چیرۆكی ئازاری ژنانی زیندانییە، هەڵبەت بە گێڕانەوە و قەڵەمی "سپیدە قۆلیان"، ژنە بوێر و زیندانییەكەی ئێران".

شۆڕش لە درێژەی لێدوانەكەی بۆ "وشە" گوتی، لە ئێرانی پڕ لە ترس و تۆقین و زیندان و خوێن و برین، ئەوەی دڵخۆشمان دەكات، بوێری و چاونەترسی ژنانە كە بووەتە سیمبول و نوێنگەی ئازادیخوازی، شۆڕشی ژینا ڕێك بەرهەمی ئەم بوێرییە بوو.



وشە - سۆران عەزیز