نووسەرێكی كورد كتێبێك لەسەر كەسایەتیی سەرۆك بارزانی و ڕۆڵی لە چەسپاندنی ئاشتی و پێكەوەژیاندا، لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێبی قاهیرە دەخاتە روو.
دەزگای "ئوم ئەلدونیا" بۆ توێژینەوە و بڵاوكردنەوە، كتێبی "مەسعوود بارزانی پیاوی ئاشتی"ـی نووسەر و ڕۆژنامەنووس (شێركۆ حەبیب)ـی نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان لە قاهیرەی بڵاو كردەوە. ئەم بەرهەمە یەكێكە لەو 11 كتێبە نوێیەی نووسەر كە لە میانی بەڕێوەچوونی پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێبی قاهیرە لەم مانگەدا، نمایش دەكرێن.
كتێبەكە لە 192 لاپەڕەی قەبارە مامناوەند پێكهاتووە، كۆكراوەی 17 دیدار و چاوپێكەوتنی میدیایی گرنگە كە لەگەڵ سەرۆك مەسعوود بارزانی ئەنجام دراون. لەم دیدارانەدا سەرۆك بارزانی وەك سیمبولێك بۆ ئاشتیخوازیی گەلەكەی، لێبوردەیی و پێكەوەژیان دەردەكەوێت، دیدگەیەكی ورد بۆ عێراقێكی فیدراڵی دەخاتە ڕوو كە پارێزەری مافی سەرجەم پێكهاتەكان بێت لەسەر بنەمای دەستووری ساڵی 2005.
هەروەها كتێبەكە تیشك دەخاتە سەر هەڵوێستەكانی سەرۆكی بارزانی لەبارەی خاڵە ناكۆكەكان لەگەڵ بەغدا، ئایندەی هەرێمی كوردستان، میكانیزمەكانی بنبڕكردنی تیرۆر، هەڵوێستی بەرانبەر ڕێككەوتننامەی سایكس- پیكۆ و ڕەتكردنەوەی دەستوەردانی دەرەكی لە عێراق.
هاوكات سەرۆك بارزانی لەم دیدارانەدا ناڕەزایەتیی خۆی بەرانبەر بەكارهێنانی زاراوەی "كەمینەكان" دەربڕیوە و دووپاتی لەسەر گوتە بەناوبانگەی كردووەتەوە كە دەڵێت: "100 ساڵ گفتوگۆ لە یەك سەعات شەڕ باشترە".
لە بەشێكی تری كتێبەكەدا، دیدگەی سەرۆك بارزانی لەبارەی مەحاڵبوونی گۆڕینی ناسنامەی كەركووك، باوەڕبوونی تەواو بە سەروەریی یاسا و دامەزراوە دەستوورییەكان و ڕەتكردنەوەی سازشكردن لەسەر مافەكانی كورد ڕوون كراوەتەوە.
هەروەها دووپات لە پەرەپێدانی پێوەندییە مێژووییەكانی نێوان كورد و میسر كراوەتەوە. كتێبەكە پاشكۆیەكی 16 لاپەڕەیی وێنەی تێدایە، یەكێكیان وێنەیەكی تایبەتی سەرۆك بارزانییە لەگەڵ حوسنی موبارەك سەرۆكی كۆچكردووی میسر.