لەم چەند رۆژەدا هونەرمەندان دژی هێرشەكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان، چەندان گۆرانییان تۆمار كردووە و بڵاویان كردووەتەوە.
هونەرمەند بورهان خۆشناو گۆرانییەكی نوێی بۆ پاڵپشتی لە كوردانی ڕۆژئاوا بڵاو كردەوە كە بە هۆی هێرشەكانی چەكدارانی سووریا، بە هەزاران كەس لە حەلەب و شارەكانی تر ئاوارە بوون و لە دۆخێكی سەختی مرۆییدا دەژین.
تێكستی گۆرانییەكەی بورهان خۆشناو، هی شاعیری گەورەی كورد هێمنە، هاوكات هونەرمەند ئاراس كۆیی كاری موزیكی بۆ كردووە.
لەلایەكی ترەوە هەردوو هونەرمەند ڕۆمی هەركی و عەبدوڵا هەركی، نوێترین بەرهەمی هاوبەشیان بە ناوی "لێخەن" وەك پشتیوانییەك بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوای كوردستان بڵاو كردەوە.
گۆرانیی "لێخەن" كە لە شێوەی ڤیدیۆ كلیپدا بەرهەم هاتووە، تێكست و ئاوازەكەی لەلایەن عەبدوڵا هەركییەوە ئامادە كراوە. تێكستی گۆرانییەكە بە شێوازێكی حەماسیی داڕێژراوە و گوزارشت لە پێویستیی بەرگریی و پاراستنی خاك دەكات بەرانبەر هەر هەڕەشەیەك.
هەروەها هونەرمەندی لاو چیا محەمەد، نوێترین بەرهەمی هونەریی خۆی بە ناوی "پێشمەرگە بم یان شەڕڤان" بۆ پشتیوانیی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای كوردستان بڵاو كردەوە.
ئەم بەرهەمە هونەرییە لەلایەن شێخە ڕەسووڵەوە تێكستەكەی نووسراوە و بابان فەرەیدوون كاری موزیكی بۆ ئەنجام داوە.
ئەوەی ئەم پڕۆژەیە لە كارە هونەرییەكانی تری هونەرمەند چیا جیا دەكاتەوە، شێوازی بەرهەمهێنانی ڤیدیۆ كلیپەكەیەتی كە ڕاستەوخۆ لە ناوجەرگەی خۆپێشاندان و گردبوونەوە جەماوەرییەكانی سلێمانی وێنەی گیراوە.
هاوكات هەردوو هونەرمەند میدیا حوسین و كەمال محەمەد پێكەوە گۆرانییەكی نوێیان بۆ رۆژئاوای كوردستان تۆمار كرد و بڵاو كرایەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا چەندان هونەرمەندی تر كاری نوێیان بۆ ئەم دۆخە نوێیەی كوردستان هەیە و بەمزووانە بڕیارە بڵاوی بكەنەوە، ئەوە جگە لەوەی لە رێگەی ژیریی دەستكردەوە، چەندان گۆرانی بۆ رۆژئاوای كوردستان لەم چەند رۆژەدا تۆمار كراون.