سام ئۆستن:
چوار كتێبم بڵاو كردووه‌ته‌وه هه‌موویان ته‌نیا وشه‌ى میاویان تێدایه
سه‌رده‌مێك هه‌بووه ژماره‌ى پشیله‌كان له مرۆڤ زیاتر بووه
قوبڕس یه‌كه‌م زێدى پشیله‌ى ماڵى بووه
من كتێبم بۆ مرۆڤ و پشیله نووسیوه، به‌ڵام بۆ سه‌گ نانووسم چونكه خوێنه‌ر نییه.
سام ئۆستن، نووسه‌رێكى ئه‌مه‌ریكى به‌ناوبانگه، ئه‌و تا ئێسته چوار كتێبى بڵاو كردووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت كتێبه‌كانى قه‌باره گه‌وره‌ن و هه‌ر یه‌كه‌یان ته‌نیا وشه‌یه‌ك له‌خۆ ده‌گرێت، ئه‌ویش وشه‌ى "میاو"ه و ته‌نانه‌ت رۆمانێكیشى به‌و ناوه بڵاو كردووه‌ته‌وه، ته‌واوى رۆمانه‌كه‌یش كه 346 لاپه‌ڕه‌یه ته‌نیا وشه‌ى میاوى تێدایه. له‌وه‌یش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه ئۆستن وه‌ك شاره‌زایه‌ك له ده‌روونناسیى پشیله خۆى ده‌ناسێنێ.
رۆمانى "میاو" له 346 لاپه‌ڕه پێكهاتووه، ئه‌و كتێبه وه‌ك ناونیشانه‌كه‌ى له وشه‌ى میاو پێكهاتووه، هیچ وشه‌یه‌كى تر‌ى تێدا نییه، جیا له‌وه‌یش چه‌ند كتێبێكى به‌ناوبانگى جیهانیى وه‌رگێڕاوه هه‌ر به زمانى "میاو" ئه‌وانیش هه‌ر یه‌كه له "زه‌رده‌شت واى گوت"ى فه‌یله‌سووفى به‌ناوبانگ نیچه، جگه له‌مه‌یش هه‌ر دوو رۆمانى "جه‌نگ و ئاشتى"ی تۆلستۆى و "تاوان و سزاى" دیستۆیڤسكى به زمانى میاو بڵاوكردووه‌ته‌وه.
ئۆستن؛ خۆى به زمانه‌وان و شاره‌زا له ده‌روونناسى پشیله ده‌ناسێنێ، جیا له‌وه‌ى ته‌واوى كتێبه‌كانى یه‌ك وشه‌ن "Meow" له پۆدكاستێك به‌شدار بووه كه 14 سه‌عاتى خایاندووه هه‌موویشى وشه‌ى "میاو" بووه.
له‌وانه‌یه هه‌موو ئه‌مانه وه‌ك نوكته‌یه‌ك ده‌ربكه‌ون، به‌ڵام راستییه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه سام ئۆستن شاره‌زاى زمانى پشیله‌یه و پێشتر وه‌ك مامۆستاى ده‌روونناسى پشیله له زانكۆى "گۆڵدن سته‌یت"ی پزیشكى کارى کردووە، ره‌نگه ئه‌و پسپۆڕییهیش گومان بوروژێنێ، "ده‌روونناسى پشیله" یان "زمانه‌وانى پشیله" ئایا ئه‌مانه بابه‌تى رژدن؟ له گفتوگۆیه‌كى ئه‌ده‌بیدا؛ سام ئۆستن چه‌ندان روونكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌ده‌به تایبه‌ته‌كه‌ى ده‌دات و لەبارەى زمانه‌وانى پشیله ده‌ڵێ، "زمانه‌وانى پشیله زانستێكه له ناوه‌نده ئهكادییمیهكانى ئه‌مه‌ریكا وه‌ك بابه‌تێكى رژد وه‌رده‌گیرێت، من له بنه‌ڕه‌تدا بڕوانامه‌م له رێنوێنیى ده‌روونیى مرۆڤ وه‌رگرتووه، به‌ڵام كاركردنم له‌و بواره‌دا وایكرد د‌رك به‌وه بكه‌م كه ره‌فتارى مرۆڤ و ره‌فتارى پشیله زۆر له یه‌كتر نزیكن".
سام ئۆستن پێی وایه، مرۆڤى هاوچه‌رخ ژیانى ته‌واو گۆڕاوه، به‌هۆى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆجیا و گۆڕ‌انى پێوه‌ره فێركارییه‌كان، هه‌موو ئه‌مانه هۆكار بووه بۆ گۆڕینى پێوه‌ندییه‌كانى مرۆڤ، بۆیه تێگه‌یشتن له پشیله به‌لاى سام زۆر گرنگه، به تایبه‌تى پشیله ماڵییه‌كان "كلیلى تێگه‌یشتنى مرۆڤی هاوچه‌رخن".
له دیمانه‌كه‌یدا سام ئۆستن باس له مێژووى پشیله ده‌كات و ده‌ڵێ، "ئاگادارى پشیله‌ى باستیتى میسڕیى كۆنم، له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌ریته‌ى كه ئه‌و كات له‌باره‌ى پشیله هه‌بووه. به‌م دواییه به‌خت یاوه‌رم بوو تابووتى پیشلهكان له مۆزه‌خانه‌ى به‌ریتانى تاوتوێ بكه‌م، به شوناسى پشیله‌كان سه‌رسام بووم كه له نه‌خشه ساده و قه‌شه‌نگه‌كان ده‌رده‌كه‌وێ".
دواى ئه‌و ده‌مه‌ته‌قێیه، سام ئۆستن ده‌چێته‌وه سه‌ر باسى كتێبه‌كانى و ده‌ڵێ، "رۆمانى میاوم ئه‌و كاته نووسی كه له قوبڕس بووم، ئه‌وێ به زێدى پشیله ماڵییه‌كان داده‌نرێت، شوێنه‌وارى پشیله‌كان بۆ 7500 ساڵ پێش زاین ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌و كاته ژماره‌ى پشیله‌كان زۆر له سه‌رووى ژماره‌ى مرۆڤهكانەوە بوو، بۆیه بابه‌تێكى لۆجیكییه كه كتێبێك بنووسم سه‌رنجى پشیله‌كان و خاوه‌نه‌كانیان به یه‌كه‌وه رابكێشێ، به‌مشێوه‌یه ده‌توانرێت كتێبێك بڵاو بكه‌ینه‌وه بۆ ئه‌م توێژه بێ ئه‌وه‌ى پێویستمان به وه‌رگێڕان بێت".
دواتر سام دووپاتى ده‌كاته‌وه سه‌ركه‌وتنى كتێبى میاو واى لێكردووه چه‌ندان كتێبى تر وه‌ربگێرێت له‌وانه "زه‌رده‌شت واى گوت". لەبارەى ئەو كتێبه‌ى ده‌ڵێ، "ویستم تێڕوانینى نیچه به پشیله‌كان بده‌م، به تایبه‌تیش كه ده‌زانین زه‌رده‌شتییه‌كان رقیان له پشیله‌كان بووه‌ته‌وه". سام ئۆستن باس له‌وه ده‌كات هۆكارى وه‌رگێڕانى كتێبه كلاسیكییه به‌ناوبانگه‌كان بۆ زمانى پشیله‌كان به هۆى ئه‌وه‌یه ئه‌و شاكارانه خه‌ریكه له‌ناو ده‌چن، له‌به‌رانبه‌ر زیادبوونى نه‌زانى و بۆگه‌نى شارستانییه‌تى هاوچه‌رخ، بۆیه وشه‌ى "میاو" وه‌ك حاڵه‌تێكى بێداربوونه‌وه‌یه.
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت، سام ئۆستن باوه‌ڕێكى زۆرى به ژیریى پشیله هه‌یه و چه‌ندان جاریش له دیمانه‌كه‌ى دووپاتى ده‌كاته‌وه، به‌هۆى لێكدانه‌وه‌ى هێماكانى ره‌فتارى پشیله به هه‌ڵه‌ى تیۆره‌كانى فرۆید و یۆنگ بگات، به بڕواى ئه‌و پشیله و مرۆڤی هاوچه‌رخیش هه‌ردووكیان بوونه‌وه‌رێكن له ناهۆش و ناشوێن ده‌ژین. ئه‌و دووپاتیشى ده‌كاته‌وه كه كتێبه‌كانى بۆ پشیله و مرۆڤ نووسیوه. له وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى ئایا كتێب بۆ سه‌گیش ده‌نووسێ؟ سام ئۆستن له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ، "نه‌خێر چونكه سه‌گه‌كان هه‌رگیز ناخوێننه‌وه".