"بەرخۆدانی رۆژئاڤا" نوێترین بەرهەمی "شیشار ئەسوەد"ـە بۆ پاڵپشتیی رۆژئاوا

:: AM:10:08:31/01/2026 ‌
شیشار ئەسوەد كە یەك لە دەنگە دیارەكانی ئێستەی گۆرانیی كوردییە، بەرهەمێكی نیشتمانپەروەریی نوێی تۆمار كردووە بەناوی "بەرخۆدانی رۆژئاڤا" و بە فراوانی بڵاوی كردووەتەوە، هاوكات بڕیارە لە داهاتوو و بەپێی گۆڕانكارییەكان، بەدوایدا بەرهەمی نیشتمانیی تریش بڵاو بكاتەوە.

ئەو بەرهەمەی شیشار بە هاوكاریی هونەرمەند كاروان تەیفووری كەمانچەژەن هاتووەتە بەرهەم و هەر لە ستۆدیۆكەی ئەویش تۆمار كراوە و كلیپی بۆ كراوە.

لەبارەی بەرهەمە نوێیەكەیەوە شیشار ئەسوەد، بۆ "وشە" گوتی، راستییەكەی دەبوو زۆر بەرلە ئێستە وەك پاڵپشتیی لەو دۆخەی رۆژئاوا و ئەو شۆڕشە نەتەوەییەی لەوێدا بە فراوانی هەڵگیرساوە، وەك هونەرمەندێك كارم هەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرهەمە نوێیە و ئامادەكاریی دەویست، ئێستە تەواو بووە و بڵاو كراوەتەوە. نیازی ئەوەم هەیە لە داهاتوودا بەپێی گۆڕانكارییەكان بەرهەمی تریش بڵاو بكەمەوە.

ئەو هونەرمەندە ئەوەشی گوت، دۆخی ناوچەكە و بەتایبەتی دۆخی كورد و كوردستان، لەناو چەقی گۆڕانكارییەكاندایە، ئەمڕۆیش لەلایەن تیرۆریستان لە سووریا و بەپاڵپشتی ولاتانی تر، یەخەی رۆژئاوای كوردستانی گرتووە و دوور نییە بۆ زۆر شوێنی تریش بپەڕێتەوە، بۆیە ئێستە گەلی كورد بە هەر چوار پارچەوە باكور و باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا، یەكیان گرتووە و پاڵپشتی لە رۆژئاوا دەكەن، ئێمەی هونەرمەندانیش بەپێی بوارەكەی خۆمان، دەبێ هەڵوێستمان هەبێت.

دواتریش شیشار لەبارەی بەرهەمەكەیەوە گوتی، "بەرخۆدانی رۆژئاڤا" لە تێكستی و میلۆدیی وشیار ئەحمەد ئەسوەد "باوكم" و بە ئامادەكاریی موزیك لەلایەن هونەرمەند كاروان تەیفوورەوە ئامادە كراوە، هەر لە ستۆدیۆكەی كاروان تەیفووریش تۆمار كراوە و كلیپی بۆ كراوە.

شیشار ئەسوەد لە ساڵی 1989 لە كەركووك لە دایك بووە و لە تەمەنی 10 ساڵییەوە بە هاوكاریی باوكی، هاتووەتە دنیای هونەر و وەك مەقامبێژ و گۆرانیبێژ دەستی پێ كردووە، تا ئێستە جیا لە چەندان گۆرانیی تۆماركراو، هاوكات بە هاوكاریی هونەرمەندانی تر بەشداریی لە تۆماركردنی چەندان پارچە موزیك كردووە. هەروەها ئەو هونەرمەندە ژەنیاری ئامێری "عوود" و لەو بوارەیشدا چەندان خولی فێربوونی عوودی بۆ خوێندكاران كردووەتەوە.

بۆ بینینی ئەو بەرهەم كلیك لێرە بكە


وشە - رامیار جەواد