92 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی كورد سەید عەلی ئەسغەر كوردستانی تێدەپەڕێت، ئەو هونەرمەندی بووە بەردی بناغەی هونەری كوردی و بۆ جاری یەكەم گۆرانییەكانی تۆمار كران.
سەید عەلی ئەسغەر كوردستانی دەنگێكی نەمر لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە، لە حوجرە و تەكیەوە بە خوێندنی قورئان قوڕگی كردەوە و چرۆی كرد، بە وشە و ئاوازەكانی گەنجینەیەكی بۆ كورد جێهێشت كە بووەتە سەرمایەیەكی هونەری.
سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی كوڕی سەید نیزامەدین كوڕی سەید جامی كوڕی سەید محەمەد جەواد كوڕی سەید ئیبراهیمە لە نەوەی بنەماڵەی بابا تاهیری هەمەدانیـیە، لە گوندی سەڵوەتاوا لە نزیك شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە، هەرچەندە ساڵی لە دایكبوونی بە تەواوی ڕوون نییە، بەڵام هونەرمەندی گەورەی كورد عەباسی كەمەندی دەڵێت: لە ساڵی 1881 لە دایك بووە.
لە ژیانی حوجرە و فەقێیەتی سەرسامی بابا تاهیر بووە، شیعرەكانی ئەوی بە ئاوازەوە خوێندووە و قورئانیشی بە دەنگە بەرزەكەی خۆی خوێندووە موناجات و مەقام و سروودی ئاینی گوتووە، ئەمە بەرەبەرە دەستیی سەید عەلی هێناوەتە ناو دنیای هونەرەوە كاتێك خەڵك بە بەبەردەوام پێیاندا هەڵداوە و هانیان داوە ئەو دەنگەی ون نەكات و بەكاری بهێنێت.
سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی بە چڕینی شاكارەكانی وەك (جانی جانم وەرە، ئەی ڕەفیقانی تەریقەت، غەمگین و دڵپەشێوم، هەی نابێ نابێ) پایەیەكی بەهێزی هونەری بۆ كورد جێگیر كرد و خەت و خاڵی هونەرێكی نەمری بۆ كورد دروست كرد، كە ئێستە وەك فێرگەیەك هونەرمەندانی گەنجی كورد لێییەوە فێر دەبن.
سەید عەلی لە ژیانیدا بەوە ناسراوە بە كۆمەڵێك شێواز گۆرانی و مەقام و ئاوازی چڕیوە كە كەم كەس توانیویەتی ئەدایان بكات، هەروەها شارەزای تەواوی موزیك و ئاوازە فارسییەكان بووە وەك (سێگاە، هومایۆن، شوور، بەیاتی زەند، ئەفشاری، شوشتەری، ئەبو عەتا، دەشتی، ئیسفەهان)، بۆیە ئەمە وایكردووە هونەرمەندانی وەك شەجەریان و عەباسی كەمەندی و موجتەبای میرزادە بڵێن، سەید عەلی بە مانای وشە شارەزایی لە زانستی موزیك هەبووە.
سەید عەلی گۆرانیبێژێكی گەورە و یەكێك لە شانازییە هونەرییەكانی گەلی كوردە، ئەو هونەرەكەی تەنیا لەناو سنووری كوردستاندا پەنگی نەخواردووە، بەڵكو سنوورەكانی تێپەڕاندووە و هونەرمەندانی فارس و تورك و ئازەر و تەنانەت عەرەبیش ئاوازەكانیان گوتووەتەوە.
ئەزغەری سوودی لە شیعرەكانی مەولەوی و وەفایی بینیوە، بە دەگمەن نەبێت وشەی بیانی لە هۆنراوەی گۆرانییەكانیدا بەكار نەهێناوە، لە كاتێكدا لەو ڕۆژگارەدا زمانی فارسی و عەرەبی باڵی بەسەر هەموو نووسین و هونەرێكدا كێشابوو، یەكەم كەسیش بووە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە مەقاماتی كوردی خستە سەر گرامافۆن (قەوان).
سەید عەلی ئەسغەر كەسێكی سادە و خاكی بووە، جلوبەرگی كوردی سەرنجڕاكیشی لەبەر كردووە وەك كەوا و شەڕواڵی كوردی و مێزەری سەوز و شەدەی بەستووە، گرنگی تایبەتی بە كولتوور و بابەتە نەتەوەییەكانی كورد داوە و فەرامۆشی نەكردوون بەتایبەت لە نەورۆزدا.
لە هەموو ئەوانەوە دەتوانین بڵێین، سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی دەنگ و زایەڵەیەك بووە لە قووڵایی مێژووی كوردەوە سەری هەڵداوە و لە پێناو كورد و نەتەوەكەیدا گەنجینەیەكی ئەڵماسی لە هونەر بۆ كورد جێهێشتووە.
هەر بەپێی گێڕانەوەكانی هونەرمەند عەباسی كەمەندی، سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی لە چواری شوباتی 1934 كۆچی دوایی كردووە و لە گۆڕستانی گوندەكەی بەخاك سپێردراوە.