وەك پشتیوانییەك بۆ خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، دوو هونەرمەندی ژن كشانەوەی خۆیان لە فێستیڤاڵی فیلمی "فجر" ڕاگەیاند.
دوو هونەرمەندی ئەكتەری ژن لە لاپەڕەی فەرمی خۆیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام، كشانەوەی خۆیان لە فێستیڤاڵی فیلمی "فجر" ڕاگەیاند كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بەڕێوە دەبرێت.
هودا زەین عابدین ئەكتەر لەلاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئَینستاگرام ڕای گەیاند، بڕیارەكە ڕێزگرتنە لە خێزانە خەمگینەكان و ئەو دایكانەیە كە چاوەڕێی گەڕانەوەی منداڵەكانیانن، هەروەها كەشوهەوای باوی خەم و پەژارە لەبار نییە بۆ ئاهەنگگێڕان و هیوا بۆ ڕۆژانی باشتر دەردەبڕم.
هاوكات سارا ئەسەدوڵاهی ئەكتەر و سینەماكاری دۆكیۆمێنتاری، لەلاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێنستاگرام دووپاتی كردەوە، بڕیارەكەم ڕێزگرتنە لە دایكانی خەمبار و ئەو خوێنەیە كە ڕژاوە، هەروەها ئەو گەنجانەی كە خەریكە گەورە دەبن، من لایەنگری گەل نییە، بەڵكو خۆم گەلەكەم.
جێگەی ئاماژەیە، هەموو ساڵێك لە 12ـی تا 22ـی شوبات فێستیڤاڵی فیلمی فەجر دەست پێ دەكات.
فێستیڤاڵی فیلمی فەجر لە ساڵی 1982 تا ئێستە 44 خولی فێستیڤاڵەكە لە تاران بەڕێوە دەچێت.
ئەم فێستیڤاڵە لەلایەن دامەزراوەی سینەمایی فارابی و لە ژێر چاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری ئێران بەڕێوە دەچێت.