"تەنیا دارهەنارەكە خۆی" كتێبێكی تری دلاوەر قەرەداغی بەمزووانە

:: PM:01:11:11/02/2026 ‌
"تەنیا دارهەنارەكە خۆی" كتێبێكی نوێی وەرگێڕی دیاری كورد دلاوەر قەرەداغییە كە لە رۆژانی داهاتوو دەزگای سەردەم چاپ و بڵاوی دەكاتەوە.

دلاوەر قەرەداغی بەردەوامە اە وەرگێڕانی كتێبە باشەكان بۆ ناو كتێبیخانەی كوردی، ئەم كتێبەش نوێترین كاری وەرگێڕانیەتی.

سینان ئەنتوون نووسەری كتێبەكە دەڵێت: ڕۆژێكیان لە ساڵی 2025دا، ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانیم لەبارەی »مردووشۆر»ێكەوە لە عێراق خوێندەوە كە بیر لەوە دەكاتەوە لە عێراق كۆچ بكات، چونكە مامەڵەی ڕۆژانەی لەگەڵ لاشەی مردوواندا بەهۆی ئەو ئاخۆران باخۆران و تیرۆرەی لە عێراق لە گۆڕێیە، ئەگەرچی داهاتێكی مادیی زۆری لێی چنگ دەكەوێ، بەڵام لەڕووی دەروونییەوە شەكەتی كردووە، هەروەها حەزیش ناكات ئەم ئیشە تاقەتپرووكێنەی بە میرات بۆ  كوڕەكەی جێبمێنێ."

ڕاپۆرتەكە ئازاری دام، سەرسام بووم بە پیشەكە و سرووتەكانی. دەمودەست بڕیارم دا ڕۆمانێك لەبارەی »مردووشۆرێك» ــەوە بنووسم. ئاخر ئەو پیشەیە لەو پیشە كەمانەیە كە ئەو كەسەی پێوەی خەریك دەبێ، ناچارە ڕۆژانە دەستوپەنجە لەگەڵ مردن و زەرەروزیانە زۆر و زەوەندەكانی جەنگدا نەرم بكات، ئەوە وێڕای كۆنتێكستی مێژوویی ڕاستەوخۆ، واتە مێژووی دیكتاتۆرییەت و داگیركاریی و شەڕی تایەفەگەری، تێمای تریش لەگەڵ كارەكتەری جواد و چیرۆكەكەیدا پێكدا دەچن، لەوانە: ململانێی نەوەكان، ململانێی مرۆڤ لەگەڵ مردن، پێوەندیی هونەر و جوانی بە نەمرییەوە و پێكداچوونی ژیان و مردن. نووسەر لە پێشكی كتێبەكەیدا وا دەڵێت.

هاوكات بۆ چاپە كوردییەكەش نووسەر نووسیویەتی، سوپاسی مامۆستا دلاوەر قەرەداغی دەكەم بۆ هەڵبژاردنی ئەم ڕۆمانە و هەوڵ و تەقەلای بۆ وەرگێڕانی. من لە ئەزموونی خۆمەوە بە گرفت و سەختییەكانی وەرگێڕانی ئەدەبی ئاشنام. جا بۆیە لەبری جواد و كارەكتەرەكانی تری ڕۆمانەكەش سوپاسی دەكەم كە دەرفەتی بۆ ڕەخساندوون بە كوردی بپەیڤن. 

هاوكات دەبێژێت: مایەی شانازیشمە وەرگێڕانەكە لە دەزگایەكی وەشانی وەك دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم كە شاعیری گەورەی كورد "شێركۆ بێكەس" دایمەزراندووە، چاپ دەبێ.



وشە - سۆران عەزیز