لەلایەن تیمی زانكۆیەكی بیانی و تیمێكی شوێنەواری كوردستان، چەند شوێنەوارێكی نوێ دۆزرانەوە، ئەو شوێنەوارانە پێشتر لەسەر نەخشەی شوێنەواری تۆمار نەكراون.
ئەمڕۆ دووشەم 16ـی شوبات، كەیفی مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا وەرزی شەشەمی پڕۆژەی ڕووپێوی شوێنەواری سكتان - گۆمەسپان بەڕێوەچوو، لە سنووری شارەدێی دێگەڵە و گوندەكانی دەوروبەری.
زیاتر گوتی، ئەو پڕۆژەیە لە كارێكی هاوبەشی نێوان زانكۆی پاڵاچكی ئۆڵۆمۆكی كۆماری چیك و فەرمانگەی شوێنەوار و كەلەپووری كۆیە، بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر و لە ژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور بەڕێوە چوو.
دەشڵێت، ئەركی سەرەكیی پڕۆژەكە بریتییە لە تۆماركردن و خستنە سەر نەخشەی پێگە شوێنەوارییەكانی سنووری ناوچەی مۆڵەتپێدراو، لە هەمان كاتدا توێژینەوە لە پاشماوە شوێنەوارییەكانی سەر ڕووی پێگەكان، ژینگە و ئاوهەوا، ئابووری نشینگە كۆنەكان و ڕێگەكانی كۆنی هاتوچۆ لە ناوچەكە.
ئاماژەی بەوەش كرد، لە ماوەی ئەم وەرزەدا ژمارەیەكی زۆر پێگەی شوێنەواری لە ناوچە ئاماژە بۆكراوەكانی سەرەوە تۆمار كران كە پێشتر لە هیچ ڕووپێوییەكی شوێنەواریدا تۆمار نەكرابوون.