بڕیارە بەمزووانە لە پای كارە گەورەكانی كە بۆ كوردی كردووە و وەك وەفا و رێزێك، پەیكەرێك بۆ كەسایەتیی سیاسی و سیناتۆری دیاری كۆمارییەكان لیندزی گراهام لە هەولێر دروست بكرێت.
دوای ئەوەی لە ماوەی مانگێكدا هەوڵە رژدەكانی بوونە رێگر لە بەردەم جینۆسایدێكی تری كورد و بەئاشكرا گوتی، كورد بەتەنیا جێناهێڵین، لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا بەپیاوە خۆشەویستەكە هاتە ناسین.
وەك وەفایەك بۆ كارەكانی، كۆمەڵێك نووسەر و رۆشنبیر داوایان كردووە پارێزگاری هەولێر رەزامەندیی بدات لەسەر دروستكردن و دانانی پەیكەرێك بۆ لیندزی گراهام.
لەمبارەیەوە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رای گەیاند، داواكە جێبەجێ دەكەین و پەیكەرێكی شایستە بۆ لیندزی گراهامی دۆستی كورد دروست دەكەین، وا چاوەڕێش دەكرێت لە شوێنێكی دیاری هەولێر دابنرێت.
گراهام لە دوای پەلامارەكانی گرووپە چەكدارەكانی حكوومەتی كاتیی سووریا، دەستی بەجووڵە كرد و هەڕەشەی لە حكوومەتەكەی ئەحمەد شەرع كرد ئەگەر بەردەوام بێت سزای دەدەن.
هاوكات لە كۆنفرانسی میونشنیش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم عەبدی كۆ بووەوە و گوتی: كورد بەتەنیا جێناهێڵین و رێگە نادەین بچەوسێنرێنەوە.