بارزان سنجاوی هونەرمەند و دەرهێنەری كوردە و دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگە و كۆلێژی هونەرە جوانەكانە، نووسەر و دەرهێنەری بەزمی بەزم و كەنێن شۆو، درامای گەرمەسات و ئەرێ بەس نییە و چەندی درامای تەلەڤزیۆنی ترە كە لەناو خەڵكدا زۆرترین بینەری هەبووە. لەو چاوپێكەوتنەدا دەڵێ، كۆمیدیا كاری خۆمە، زۆر كەس رەخنەیان لە ئێمە دەگرت، بەڵام دواجار هاتنە سەر ڕێگەی ئێمە.
لە كەیەوە دەستت بەكاری دراما كردووە؟
ماوەی حەوت ساڵە دەستم كردووە بە دەرھێنانی كاری درامایی كۆمیدی و درامای جاد و تراجیدی، بە سەتان بەرهەمم لە ژانەری خێزانی و كۆمەڵایەتی و نهێنی و ئاڵۆز بەرھەم ھێناوە.
بۆ كەمتر باسی كارەكانت دەكەیت؟
هەمیشە ویستوومە خەڵك باسی كارەكان بكەن نەك خۆم، لە درامای ماڵی عوسمان گەرمەسات، بە ھەزاران بینەرمان ھەبوو لە كەناڵی دیمەن و سۆسیال میدیای كەناڵ، ئێستە سەركەوتنی ھەر بەرھەمێك زیاتر لە یوتیوب دەردەكەوێت، چونكە یوتیوب وەك پلاتفۆرمەكانی تر نییە بێتە پێشت، دەبێ خۆت بەدوایدا بگەڕێیت، ئێمە لە یوتیوبدا بەبێ ئەوەی سپۆنسەر بكەین، بە ھەزاران بینەرمان ھەیە و چاوەڕوانی بەرھەمەكانمان دەكەن.
دوو ماڵ و یەك سەعدی پێشتر بەشێوەی سێتكۆم بوو هەفتانە پەخش دەكرا، چۆن بوو كردتان بەرنجیرەیەكی درێژ؟
دوای ئەو سەركەوتنە گەورەیەی كە بەدەستمان ھێنا، بیرمان كردووە بۆ ئەم رەمەزانە بیكەین بە زنجیرەیەكی پێكبەستراو تا كۆتایی رەمەزانی پیرۆز، بە چەندان رووداو و نهێنی بینەر رابكێشێت و تا كۆتایی دراماكە بینەری هەبێت.
ئایا سەعدی ئاشكرا دەبێت؟
ڕۆژانە بەسەتان نامە دێت، دەمەوێ خۆتان بینەری بن، نهێنیی زۆری تێدایە.
تۆ زیاتر لە كۆمیدیا دەردەكەویت هۆكار چییە؟
كۆمیدیا كاری خۆمانە و كارێكی ئاسان نییە و قورسە، بەرھەمھێنانی دیمەنكی تراجیدی زۆر ئاسانترە لە ھی كۆمیدیا، ھەندێك كۆد ھەیە من دەیزانم لەوانەیە زۆربەی دەرھێنەرانی تر نەیزانن، ئەوانەی پێشتر رەخنەیان لە من دەگرت، زۆربەیان لاسایی منیان كردووەتەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، چونكە ئاسان نییە خەڵك بە پێكەنین بھێنیت.
ئەو بودجەیەی بۆ تۆ خەرج كراوە چەندە؟
بەھۆی ئەو داھاتەی كەمەی كە لەتەلەڤزیۆن دەستمان دەكەوێت، توانیویمانە كاری لەسەر بكەین، من لە نەبوونەوە شت دەھێنمە بوون، دراما پێویستی بە بودجەی زۆرە، بەڵام كە پاڵپشتییەكی دارایی گەورەم نەبێت، ناكرێت بوەستم، بەو توانای ھەیە توانیومانە كاری گەورە بكەین.
لە كۆتاییدا چیت ماوە بیڵێیت؟
بەبێ ئەوەی بنووزێمەوە، بە سەتان كاری ھونەریمان پێشكەش كردووە و نەوەستاوین و بەردەوام دەبین.
وشە/ فەیسەڵ شێخانی