بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، چەندان شوێنەوار و مۆزەخانەی مێژوویی و ناوەندی رۆشنبیری لە سنە و مەریوان و بانە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، زیانیان بەركەوتووە.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" بەهۆی هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل، زیانی زۆر بە شوێنە مێژوویی و كولتوورییەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان گەیشتووە.
هێرشەكان كە لە رۆژی 28ی شوبات دەستیان پێ كرد، رۆژهەڵاتی كوردستان زیانی زۆری پێ گەیشتووە، چونكە بەشێكی زۆری هێرشەكان بۆ ناوچە كوردییەكان بووە.
لەو هێرشانەدا زیانی زۆر بە چەند كۆشك و باڵەخانەیەكی مێژوویی كە ناسنامەی فەرهەنگیی ناوچەكەن كەوتووە، بەجۆرێك وێران بوون ئەستەمە وەك خۆیان بنیات بنرێنەوە.
بەپێی بەدواداچوونی "وشە"، یەك لەو شوێنانەی زیانیان بەركەوتووە، بریتییە لە كۆشكی ئاسێف كە گەورەترین مۆزەخانەی مرۆڤناسیی (ئەنترۆپۆلۆجیا) تایبەت بە نەتەوەی كوردە.
هەروەها كۆشكی سالار سەعید كە مۆزەخانەی شوێنەوارناسیی شاری سنەیە. لەگەڵ كۆشكی خوسرەوئاباد كە یەكێك لە گرنگترین تەلارە مێژووییەكانی سەردەمی قاجاری تێدایە.
هاوكات چەندان شوێنی تری كولتووری تری مەریوان و بانە و سنە زیانیان بەركەوتووە، بەشێكیش لە باخچەی و شوێنە گرنگەكانی ئەو شارانە وێران بوون.
كۆشكی خوسرەو ئاباد لە سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ساڵانێك نشینگەی بنەماڵەی شاهانەی ئەردەڵانیەكان بووە و ئێستەش وەك شوێنێكی گەشتیاری ناسراوە و گەشتیارێكی زۆر پێش شەرەكە رۆژانە سەردانیان دەكرد.