جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە میانی بەسەركردنەوەی دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی سەردەم رای گەیاند، ئەدەب و چالاكییە هزری و رۆشنبیرییەكان رۆحی شار پێكدەهێنن.
دەزگای سەردەم كە كۆمەڵێك نووسەر و رۆشنبیری بەڕێوەی دەبەن و پێشتریش لەلایەن شاعیری گەورە شێركۆ بێكەس دامەزراوە، بەردەوام نزیك بووە لە بەرپرسانی یەكێتییەوە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە كرد، شار تەنیا لە شەقام، بازاڕ و باڵەخانەكان پێكنایەت. ئەگەر ئەوانە جەستەی شار بن، ئەوا كولتوور، ئەدەب و چالاكییە هزری و رۆشنبیرییەكان رۆحی شار پێكدەهێنن.
باسی لەوەش كرد، لە كاتێكدا باڵەخانەكان كۆن دەبن و لە كەڵك دەكەون، بەڵام كولتوور و بیرۆكە درەوشاوەكان شێوازی ژیان و رەفتاری نەوەكان لە داهاتوودا دیاری دەكەن.
جێگری سەرۆك وەزیران، خۆشحاڵیی خۆی بۆ بەسەركردنەوەی دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی سەردەم و دیداری لەگەڵ نووسەر و رۆشنبیرانی سلێمانی دەربڕی. لە ناویشیاندا بەتایبەتی ئاماژەی بە مامۆستا رەئووف بێگەرد كرد كە لە زیاتر لە 50 ساڵی ڕابردوودا خزمەتی گەورەی بە ئەدەب و رۆشنبیریی كوردستان كردووە.
قوباد تاڵەبانی ڕای گەیاند، ئەركی ئەوانە پشتگیریی دەزگای سەردەم و ناوەندە هاوشێوەكانی بكەن كە خزمەت بە ئەدەب دەكەن.
ئاشكراشی كرد، لەمەودوا بە هاوكاری لەگەڵ ئەو ناوەندانە هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ بووژانەوەی چالاكییە كولتووری و رۆشنبیرییەكان، بەو ئامانجەی سلێمانی وەك پایتەختی رۆشنبیری نەك تەنیا لەسەر ئاستی كوردستان، بەڵكو لەسەر ئاستی ناوچەكەش ببێتە پێشەنگ.