17یەمین فێستیڤاڵی بەدرخان لە ئیتاڵیا بەڕێوە دەچێت و تەرخانە بۆ شەریف پاشای خەندان

:: PM:02:19:14/03/2026 ‌
بڕیارە لە ڕۆژانی 19 تا 21ی سێی ئەم مانگە 17یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەدرخان لە شاری كەتەنزاڕۆی ئیتاڵیا بەڕێوە بچێت، كە تەرخان كراوە بۆ یادكردنەوەی جەنەراڵ شەریف پاشای خەندان.


بەپێی ڕاگەیەنراوێكی لیژنەی باڵای ئامادەكاری 17یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەدرخان، توانیویانە لە ماوەی ساڵێك كارەكان بەرنە پێشەوە و هەموو پێداویستییەكانی یادكردنەوەی جەنەراڵ شەریف پاشای خەندان بەشێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی تەواو ببن.

 بڕیارە فێستیڤاڵەكە لە ڕۆژانی 19 تا 21ی سێی 2026 لە شاری كەتەنزاڕۆی ئیتاڵیا بە هاوكاریی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیتاڵیا و ڤاتیكان، پارێزگای سلێمانی و پارێزگای كەتەنزاڕۆ و چەندان لایەنی سیاسی و كەسایەتیی كورد و ئیتاڵیی ئەنجام بدرێت. 

بەپێی گوتەی لیژنەكە، چالاكییەكانی فێستیڤاڵەكە بریتین لە چاپكردنی 13 كتێب بۆ ئەو یادە و دروستكردنی پەیكەرێكی شایستە بۆ جەنەراڵ شەریف پاشا و خۆئامادەكردن بۆ پێشانگەی كتێب و شێوەكاری و چاپكردنی سێ ڕۆژنامە بە زمانی كوردی، فڕەنسی و ئیتاڵی بەناوی (جەنەراڵ شەریف پاشا) و میوانداریكردنی 30 كەسایەتیی و دەستەبژێری كورد كە لە كوردستانەوە بۆ فێستیڤاڵەكە كە پێكهاتوون لە ئەكادیمیست، نووسەر، ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند، مامۆستای زانكۆ.

شەریف پاشای خەندان یان جەنەراڵ شەریف پاشا جەنەراڵی سوپای عوسمانی، سیاسەتوان و نوێنەری گەلی كورد بوو لە پەیماننامەی سیڤەردا. بانگەشەی دروستكردنی دەوڵەتی كوردی كردووە و لەو پێناوەشدا ساڵانێكی زۆر لە ئەوروپا تێكۆشاوە. ساڵی 1865 لە ئیستانبوڵ لە دایك بووە، لە ساڵی 1945 لە ئیتاڵیا لە تەمەنی 86 ساڵیدا كۆچی دوایی دەكات، لە قاهیرە لە میسر بەخاك سپێردراوە.

ناوی محەمەدی كوڕی سەعید پاشای كوڕی حوسێن پاشای كوڕی ئەحمەد ئاغای خەندانە. لە سەردەمی عوسمانیدا، باوكی گەلێك پلە و پایەی گەورەی پێ سپێردراوە و بنەماڵەی خەندان ھاوكارێكی نزیكی پاشاكانی بابان بوون، دوای كۆتاھاتنی دەسەڵاتی بابانەكان، سەعید پاشا لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا چووەتە ئیستانبوڵ.

شەریف پاشا لە تەمەنی 20 ساڵیدا لە ساڵی 1885 بەمەبەستی خوێندن لە پەیمانگەی سەربازی چووە پاریس‌، لەوێ خوێندنی سەربازی تەواو دەكات و دەبێتە جەنەراڵ، هێشتا تەمەنی نەگەیشتبووە 30 ساڵان كە جگە لە زمانی كوردی، زمانەكانی توركی، فارسی، عەرەبی، ئیتاڵی، فڕەنسی، یۆنانی، ئینگلیزی و سویدی دەزانی.

ساڵی 1898 دەكرێتە باڵوێزی دەوڵەتی عوسمانی لە سوید و ماوەی 10 ساڵ لەو پۆستەدا ماوەتەوە. لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێكخراوی ئیتحاد و تەرەقیی توركەوە پێوەندیی لەگەڵ گەلێك لە سەرانی ئەو ڕێكخراوەدا ھەبووە، بەڵام پاش ڕووخاندنی دەوڵەتی عوسمانی، ئیتحاد و تەرەقی لە ڕێبازی خۆی لایدا و ھیچ بایەخێكی بە ڕەگەز و نەتەوەكانی تر نەدا، ئەم ھەڵوێستەش وای لە شەریف پاشا كرد لە ڕێكخراوەكە دوور بكەوێتەوە و دژایەتیشی كردن.

ساڵی 1908 دەگەڕێتەوە ئیستانبوڵ و لەگەڵ ئەمین عالی بەدرخان و شێخی شەمزینیدا كۆمەڵەی تەعالی و تەرەقیی كورد دادەمەزرێنێت. لێرەوە كەسایەتیی شەریف پاشا وەك سیاسەتمەدارێكی كورد دەردەكەوێت. لەسەر ئەم ھەڵوێستە ئیتیحادییەكان پشتی تێدەكەن و ھیچ پۆستێكی ئیداری پێ نادرێت.

ساڵی 1909 لە پاریس حزبی رادیكالی عوسمانلی دادەمەزرێنێت و ھەر ھەمان ساڵیش گۆڤاری مەشرووتییەت لە پاریس دەردەكات. ئەم گۆڤارە 55 ژمارەی لێ‌ دەرچووە، بانگەواز بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی دەستووری پەرلەمانی دەكات، لەو بیروباوەڕەی شەریف پاشاوە سەرچاوەی گرتووە كە مافی ھەموو نەتەوە و كۆمەڵەیەكی ژێردەستە تەنیا لە دەوڵەتێكی دیموكرات و دەستووریدا پارێزراوە.

ساڵی 1912 لەگەڵ شێخ عەبدولقادری كوڕی شێخ عوبەیدوڵَای نەھریدا بە تاوانی كوشتنی سەدری ئەعزەم، فەرمانی لە سێدارەدانی دراوە، بەڵام ھەڵاتووە و چووەتە میرنشینی مۆناكۆ.

ساڵانی جەنگی جیھانیی یەكەم شەریف پاشا چالاكییەكی ئەوتۆی نەنواند، خۆی بۆ ڕووداوەكانی پاش جەنگ ئامادە كرد، بەو ھیوایەی بتوانێ لە بارودۆخێكی گونجاوتردا داكۆكی لە مافی نەتەوەكەی بكات.

لە كۆتایی حوزەیرانی ساڵی 1918 لە شاری مارسیل چاوی بە سێر پێرسی كۆكس كەوت و داوای لێ‌ كرد، وەك كاربەدەستێكی حكوومەتی بەریتانیا چارەنووسی نەتەوەی كورد پشتگوێ‌ نەخات.

گەورەترین چالاكی سیاسیی شەریف پاشا لە مانگی ئاداری 1919 دەركەوت، ئەو كاتەی كە بەناوی نوێنەرێكی متمانە پێ‌ بەخشراوی كورد و شێخ مەحموودەوە، یاداشتێكی پێشكەشی كۆنگرەی ئاشتیی پاریس كرد، نەخشەی كوردستانی گەورەی كرد بە پاشكۆی یاداشتەكەی و داوای كرد دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆ كورد دابمەزرێت.

بەھۆی یاداشتنامەكەیەوە، ھاوپەیمانان ناوی كوردیان خستە بەندەكانی 62 و 63 و 64ـی پەیماننامەی سیڤەرەوە كە مانگی ئابی ساڵی 1920 پەسەند كرا. سێ‌ ساڵ پاش ئەوە و لە پەیماننامەی لۆزاندا، بە هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی سیڤەر ھەموو ئاواتەكانی شەریف پاشا ھەرەسیان ھێنا.







وشە - سۆران عەزیز