نووسەری دیاری كورد ئیسماعیل حەمەئەمین رۆمانێكی تری چاپ و بڵاو كردەوە، رۆمانە نوێیەكەی بەناوی "جرجەكان"ە، وەك خۆی باسی دەكات ناوەڕۆكی رۆمانەكەی لەسەر ئەنفال و هەڵەبجەیە.
ئیسماعیل حەمەئەمین نووسەرێكی دیار و گرنگی ناو دنیای رۆشنبیری كوردییە، بەردەوام لەبارەی بابەتە فكرییەكان دەنووسێت و لەم ساڵانەشدا چەند رۆمانێكی چاپ و بڵاو كردووەتەوە.
لەبارەی رۆمانی "جرجەكان" نووسەر لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی، كیمیابارانكردنی هەڵەبجە زۆر قووڵ برینداری كردم، هەستكردن بوو بەو ڕۆحە بریندارەی نەتەوەیەك لەسەر لێواری لەناوچووندا بوو.
ئەنفال هات و چەكی كیمیایی شانبەشانی هەر هەشت قۆناغەكەی ئەنفال ئەو دڕندەیە بوو لە هەواوە، لە بۆشاییەوە، لە هەموو كون و كەلەبەرەكەوە پەلاماری جەستەی كوردیان دەدا و لەناویان دەبرد.
لەم ویژدانە بریندارەوە لە كیمیابارانكردنی هەڵەبجەوە كە تەمەنم 21 ساڵ بوو تا ئەمڕۆ كە 59 ساڵم، لە ژێر شۆكی ئەو قەڵاچۆكردنەدام.
شۆكێك بەجۆرێك بوو یەك دێڕی ئەدەبیم لەسەر هەڵەبجە و ئەنفال وەك ئەدەب و هونەری باڵای گێڕانەوە بۆ نەنووسرا. دەمویست كارێكی ئەدەبی بنووسم لە ئاست ئەو ڕووداوەدا بێت، دوور لە هونەری پاڕانەوە و گریان و شیوەنكردن، دوور لە حەماس و بۆنەگەریی.
دوای تێپەڕبوونی ئەم هەموو ساڵە، ئێستە لەسەر ئەنفال و هەڵەبجە دەنووسم، لە گۆشەیەكی هزری ئەدەبییەوە، لە هونەری ڕۆمانەوە، هیودارام بەشێكی ئەم قەرزاربارییە ڕۆحییەم دابێتەوە.
پاڵەوانی ڕۆمانەكە پرۆفیسۆر ئارامی حەسەن چۆلەكە ناسراو بە "پرۆفیسۆر بێرد" پرۆفیسۆرێكی كوردە و تیۆرەی "جرجیزم" دەنووسێت، لە ئەزموونی خۆیەوە لەگەڵ قرتێنەرەكان، لەگەڵ جرجەكان، پرسیارە وجودییەكانی پێشكەش دەكات و تووشی دنیایەك كێشە و گرفت دەبێت.
ئیتر پرسیاركانی وەك: بە جرجكردنی مرۆڤ؟ جرجە ڕەسەنەكان كێن و ناڕەسەنەكان كێن؟ كامە جرج دنیا وێران دەكات، جرجی سپی یان جرجی ڕەش؟ لە كوێدا فاشیزم و شۆڤێنیزم مرۆڤ دەكات بە جرج؟ جرجی كەمالیزم و نازیزم، هابەریزم چیان بەدنیا كردووە؟
هەروەها لە كوێدا دۆزینەوەی جرجە نوستووە ڕەسەنەكەی ناخمان وەهامان لێ دەكات لە جرجانە تێبگەین كە دوو پێیان هەیە؟ پاشان جرجە گەورەكانی بازرگانی چەكی كیمیاژیین كێن؟ پیاوی سپی و جرجی سپی و شارستانییە مۆدێرنەكەیان لە كوێی ماڵوێرانی ئەم دنیایەدان؟ چی ڕووی دا لە سامەڕا، چی لە ساراكانی سەماوە؟.
ئەمە و زۆریتر لە ڕووداوەكانی ناو ڕۆمانەكە. ئەمە و زۆریتر دەمانباتە ئەودیو ڕووداوەكان و جورجیزمەكەی (ئارامی حەسەن چۆلەكە) كە لە كتێبی یەكەمی (جرجەكان - جرجەكانی ئەنفال) بە ناو ڕووداوەكانی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و كۆمپانیاكانی پیاوی سپیدا تێدەپەڕێت، تا دەگاتە ئەقڵی پۆست كۆلۆنیالی و خولیاكانی پیاوی سپی و جرجی سپی...
ڕۆمانەكە لەلایەن دەزگای (موكریان) چاپ بووە و لەم ڕۆژانەدا بڵاو دەبێتەوە.