فڕەنسا بەبەهای هەشت ملیۆن یۆرۆ كۆمەڵێك نامە و دەستنووسی مارسێل پروست دەكرێت

:: AM:10:57:17/03/2026 ‌
هەڵمەتێكی فراوان لە فڕەنسا بۆ كۆكردنەوەی دەستنووس، نامە، بەڵگەنامە و نووسراوەكانی مارسێل پروست دەستی پێ كردووە، پێیان وایە زۆر شتی ئەو نووسەر و پێوەند بەو، هێشتا چاپ نەكراوە و خوێنەرەكانی بێبەشن لێی.

كتێبخانەی نیشتمانیی فڕەنسی لە پاریس، هەڵمەتێكی چڕ و فراوانی بۆ كۆكردنەوەی تێكڕای دەستنووس، نووسراو، نامە، دەق و بەڵگەنامەكانی تایبەت بە مارسێل پروست دەست پێ كردووە كە ئامانجیانە هەموو كارەكانی چاپ بكرێت، پێشیان وایە پروست زۆر شتی تری هەیە كە هێشتا چاپ نەكراون.

بنەماڵەكەی كە دەستیان بەسەر 900 نووسراو و دەقی جیاوازی پروست گرتبوو، بەتایبەت برازایەكی وەك میرات بۆی مابووەوە بەهاكەی بەنزیكەی هەشت ملیۆن یۆرۆ بوو، خاوەندارێتییەكەی خرایە ئەستۆی كتێبخانەكە.

لە ئاستی فڕەنسا و دنیایشدا مارسێل پروست، بە یەكێك لە دیارترین ڕۆماننووسەكان هەژمار دەكرێت، لە 10ی تەمووزی 1871 لە دایك بووە و 51 ساڵ ژیاوە، لە ماوەی ژیانی ئەدەبیی خۆیدا، زیاتر لە 30 كتێب بە كۆبەرهەمی گەورە ڕۆمانەكانی بڵاو كردووەتەوە، لەوانە ڕۆمانی "گەڕان بۆ كاتی لەدەستچوو" كە بەنزیكەی ملیۆنێك و 300 هەزار وشەیە، درێژترین ڕۆمانی دنیایە، ئەو رۆمانە كراوەتە كوردی و بە چاپە كوردییەكەش حەوت بەرگە.

كۆتایی دانایی هەر كتێبێك، سەرەتای دانایی ئێمەیە، ئەو ساتەی كتێبێك هەموو توانای خستووەتە گەڕ تا هەموو شتێكمان پێ بڵێت، وامان لێ دەكات هەست بكەین هیچ شتێكی پێ نەگوتووین. ئەم هێما ڕەشانەی سەر پەڕە، چۆن دەكرێـت شەپۆلێكی وەها لەسەر دڵ و ڕۆح دابنێت؟ بۆچی تەنیا ئەوكاتەی كە پەی دەبەین بەوەی ئومێدەكانمان گەورە بووە و ناخمان گۆڕاوە و سەرسام بووین، خۆمان ڕادەستی كتێب دەكەین؟ 

یەكێك لە جوانترین و ڕاشكاوانەترین وەڵامی ئەم پرسیارە نەمرە، مارسێل پروست دەیداتەوە.  

پرۆست لە نزیك سییەكانی تەمەنیدا چەندان گوتاری بۆ چەندان گۆڤاری ئەدەبی شایستە نووسیبوو، بەڵام هێشتا ڕۆمانی نەنووسیبوو. لە تەمەنی 36 ساڵیدا لە یەكەم هەوڵیدا توانی هەزار پەڕە بنووسێت، بەڵام دوای ئەوەی ئاشنای جۆن ڕاسكینی ڕەخنەگر بوو و كتێبەكانی بیری پروستیان ڕۆشن كردەوە. 

پروست سێ ساڵی تەمەنی بۆ وەرگێڕانی بەرهەمەكانی ڕۆسكن تەرخان كرد. هەرچەندە ئینگلیزییەكەی باش نەبوو، بەڵام كتێبەكەی ڕاسكنی وەڕگێڕا بۆ سەر زمانی فڕەنسـی و لە پەراوێزەكانیشیدا تێبینیی ڕوونكردنەوەی دەنووسی. دوای چەند ساڵێك و لە بەرگی حەوتەم و كۆتایی "گەڕان بەدوای كاتی لەدەستچوو" شاكارەكەی خۆی نووسی.

 پروست پێی وایە كتێبی باش ڕێگەیەكە بەرەو خۆمان دەمانبات.

پروست لە پاڵ ڕۆماندا كورتە چیرۆكیشی نووسیوە و یەكەم چیرۆكی لە ساڵی 1896دا بووە بەناوی "ڕۆژەكان". 

پرۆست بەدەست نەخۆشیی ڕەبۆوە دەیناڵاند. لە تەمەنی نۆ ساڵیدا تووشی نەخۆشیی ڕەبۆ بوو، بە منداڵێكی نەخۆش لە قەڵەم درا، لە 18ی نۆڤێمبەری 1922 ماڵئاوایی یەكجارەكی كرد و لە گۆڕستانی پییەر لاشێز بە خاك سپێردرا.






وشە - سۆران عەزیز