نیهاد جامی كورتە فیلمێك لەبارەی پشتگیریی كوردانی ڕۆژئاوا لە وڵاتانی ئەوروپا لە ڕێگەی ژیریی دەستكرد دروست دەكات.
نووسەر و هونەرمەند نیهاد جامی لەبارەی كارەكەیەوە بۆ "وشە" گوتی، بیرۆكەی كورتە فیلمەكە هی خۆمە، تەواوی فیلمەكە جگە لە دیالۆگەكان، لە ڕێگەی ژیریی دەستكرد دروست دەكرێت.
ئەوەشی گوت، دیالۆگەكان ڕاستەوخۆ لەگەڵ چەند دۆستێك تۆماریان دەكەین، بەڵام كۆی وێنە و ڤیدیۆكان لە ڕێگەی ژیریی دەستكرد دروست كراوە، لەم رێگەیەوە ئێمە وێنەمان بۆ فیلمەكە نەگرتووە، بەڵكو بەپێی ئەو سیناریۆیەی نووسیومانە وێنەمان دروست كردووە و دواتر هاتووین وێنەكانمان گۆڕیوەتە سەر ڤیدیۆ.
نیهاد باسی لەوەش كرد، ئێستە فیلمەكە لە دوا قۆناغی كاركردنیدایە كە مۆنتاجی فیلمەكەیە، ماوەكەشی پێنج خولەكە.
ئەوەشی گوت، پێشتر بۆ گەیشتن بە ئاستێكی فیلم بەم رێگەیە، سەرەتا هەوڵمان دا كۆمەڵێك ڤیدیۆ كلیپ بە زمانی كوردی و عەرەبی ئەنجام بدەین، لە كەناڵی تایبەتی یوتیوب بڵاوی بكەینەوە، بۆیە ئێستە گەیشتووینە بەم ئاستەی كە بتوانین فیلم دروست بكەین، سەرەتاش وەك كورتە فیلمێك دەستمان پێی كرد و دەكرێت لە داهاتوودا ئەزموون و شێوەی تری لەگەڵ تاقی بكەینەوە، لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنی یان فیلمی درێژ.
ئەو كورتە فیلمەی ئێستە بەناوی «شۆڕش و خۆشەویستی»یە، ڕووداوەكان لە شاری مارسیلیای فڕەنسا ڕوو دەدەن، باس لە خۆپێشاندانی كوردان و ئەوروپییەكان دەكات بۆ پشتگیریی لە شۆڕشی ڕۆژئاڤا، سەرباری ئەوەی لەناو فیلمەكە چیرۆكێكی خۆشەویستیی دروست دەبێت، فیلمەكە بە زمانی فڕەنسی دروست كراوە، بەڵام وەرگێڕانی كوردیی دەخەینە سەر.