پاش تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر بڵاوكردنەوەیدا، ڕۆمانێكی نووسەری ناسراوی كورد چۆمان هەردی، لە ئاستی پڕفرۆشترین ڕۆمانی ناوەندێكە لە وڵاتی بەریتانیا، ناوەندێك وەك كتێبی هەفتە دەستنیشانی كردووە.
ڕۆمانی "دیوارەكان دەچرپێنن" بە ئینگلیزی "Whispering Walls"، ئەگەرچی سێ ساڵە بڵاو كراوەتەوە، بەڵام تا ئێستە جێگەی بایەخی خوێنەرانی كتێبە لە بەریتانیا.
ناوەندی House of Afsana، ئێستە ئەم ڕۆمانەی وەك یەكێك لە كتێبە دیارەكانی خۆی دەستنیشان كردووە و لە لیستی كتێبی هەفتەدا لە ڕیزبەندی یەكەمدا دایناوە، ئەم ناوەندە لە بەریتانیایە و بەرهەمەكانی بە ئینگلیزی چاپ و بڵاو دەكاتەوە
هاوكات ڕۆمانەكە لە ئاستی بەرهەمەكانی دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی Afsana Press لە پڕفرۆشترینەكانە، لە ئاستی ناوەڕۆكدا ئەم ڕۆمانە گێڕانەوەی ڕووداوەكانی قۆناغی جەنگی عێراق و ئەمەریكا و هاتنی هێزە ئەمەریكییەكانە لە ساڵی 2003، ژیانی سێ خوشك و برا دەگێڕێتەوە كە بەمەبەستی كردنەوەی گرێ و پرسیارە خێزانییەكانیان كۆدەبنەوە.
د. چۆمان هەردی خانمە شاعیر، چیرۆكنووس، وەرگێڕ، توێژەر و مامۆستای زانكۆیە، ئەم نووسەرە لە بنەماڵەیەكی ڕۆشنبیری سلێمانی لە ساڵی 1974 لە دایك بووە، كچی ئەحمەد هەردی شاعیری بەناوبانگی كوردە.
چۆمان هەردی ساڵی 1993دا چووەتە بەریتانیا و لەوێ دەستی كردووە بە خوێندن. سەرەتا لە زانكۆی ئۆكسفۆرد كارناسیی دەروونناسیی تەواو كردووە و پاشان لە كۆلێجی لەندەن ماستێری فەلسەفەی وەرگرتووە. دواتر لە زانكۆی كێنت دەستی كردووە بە خوێندنی دكتۆرا و نامەكەی تەرخان كردووە بۆ تیشك خستنەسەر كاریگەریی كۆچی ناچاری لە ژیانی ژنانی كوردی عێراق و ئێران.
لە ساڵی 2005دا توانی بەشداریی خولی پۆستدكتۆرا بكات لە زانكۆی ئۆپسالا لە سوێد، لەوێ توێژینەوەیەكی لەسەر باری دەروونیی بێوەژنانی قوربانیی كۆمەڵكوژی بە ئەنجام گەیاند.
ئەو دواتر بەشێك لەو توێژینەوانەی لە كتێبێكدا بە ناوی ئەزموونە جێندێرییەكانی كۆمەڵكوژی: پاشماوەكانی ئەنفال لە كوردستانی عێراقدا بە چاپ گەیاند.
چۆمان هەردی لە سەرەتای نەوەتەكانەوە دەستی كرد بە هۆنینەوەی شیعر، بەڵام بە هۆی ئەوەی كە هەستی دەكرد ناتوانێ شیعرە كوردییەكانی بە تەواوی وەربگێڕێ بۆ هاوڕێیە بیانییەكانی، ڕووی كردە هۆنینەوەی شیعر بە زمانی ئینگلیزی.
ئاوارەبوونی سەردەمی منداڵی بە هۆی بارودۆخی سیاسییەوە و ڕووداوەكانی ئەو قۆناغەی ژیانی، هۆكار بوون بۆ داهێنانی زۆرێك لە شیعرەكانی. هەندێ لە كتێبە شیعرییە چاپكراوەكانی بە ئینگلیزی بریتین لە: گەڕانەوەی بێ یادەوەری، ڕووناكی سێبەرەكان، ئاوێنە ڕۆشنەكان ژیان بۆ ئێمە.
شیعرەكانی د. چۆمان هەردی لە كۆمەڵێك كتێبی هەڵبژاردەی تایبەت بە شیعری جیهان و شیعری ژنان بە زمانی ئینگلیزی دانراون. شیعری ژنانی هاوچەرخ بە ئینگلیزی، شیعرە تازەكان لە میترۆدا، شیعری مۆدێرنی كوردی: چەكەكان بۆ بێدەنگی بهێنە سەما: سەد شیعر بۆ كن سارو-ویوا، گەرووی زیوینی مانگ، باشترین سێو و مارەكان. چوار شیعری ئینگلیزیی چۆمان هەردی بە ناوەكانی لەسەر سنوور، پەلاماردان، موبەقەكەی دایكم و پەنەلۆپەكانی وڵاتی من، لە هەندێ كتێبی وانەیی لە ئینگلتەرا دانراون و لە قوتابخانەكان دەخوێنرێن.
چۆمان هەردی لە ساڵی 2017دا بە هۆی وەرگێڕانی دیوانی شیعری دەربەندی پەپوولەی شێركۆ بێكەس بۆ سەر زمانی ئینگلیزی، بوو بە براوەی خەڵاتی قەڵەمی وەرگێڕانی بەریتانیا.