بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری راپەڕین، چەند رێنوێنییەكی بۆ فۆتۆگرافەران و راگەیاندنكارانی ئیدارەی راپەڕین بڵاو كردووە و رای گەیاندووە، مەبەستیان پاراستنی شوناسی جیۆگرافی و مێژوویی ناوچە گەشتیارییەكان و رێگریكردن لە تێكەڵبوونی ناوەكانە.
بەڕێوەبەرایەتییەكە داوای كردووە لە كاتی بڵاوكردنەوەی هەر بابەتێكی میدیایی، وێنە، یان ڤیدیۆ، پابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن:
-ناوهێنانی دروست: پێویستە ناوی شوێنە گەشتیارییەكان وەك خۆی و بەو ناوە رەسەنەی كە لە رووی كارگێڕی و مێژووییەوە ناسراوە، بهێنرێت .
– دیاریكردنی شوێنی جیۆگرافی: پێویستە لەگەڵ ناوی شوێنەكە، ئاماژە بە شار و شارەدێ و گوندیش بكرێت، بۆ ئەوەی گەشتیاران و وەرگران بەرچاوڕوونی تەواویان هەبێت لەسەر نەخشەی ناوچەكە.
– پاراستنی شوناس: تكایە دوور بكەونەوە لە بەكارهێنانی ناوی خوازراو یان گۆڕینی ناوی ناوچەكان بە مەبەستی رێكلام، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی شێواندنی داتای گەشتیاری و جیۆگرافیی ناوچەكە.
– فۆتۆگرافەران و راگەیاندنكاران دەتوانن بۆ دڵنیابوونەوە لە ناوی هەر ناوچەیەك، سوود لە نەخشە فەرمییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری راپەڕین وەربگرن.