سێیەم فێستیڤاڵی فیلمی كوردی دۆسلدۆرف لە ئەڵمانیا لە ڕۆژانی ١٧ و ١٨ و ١٩ی ٢٠٢٦، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ فیلمەكانی نمایش دەكات و فیلمە كوردییەكان لەوێدا رۆشنایی دەبینن، وەك ئەوەی بەرپرسی ڕاگەیاندنی سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی كوردی دۆسلدۆرف رای گەیاند.
رەوەند جەواد بەرپرسی ڕاگەیاندنی سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی كوردی دۆسلدۆرف، بۆ "وشە" رای گەیاند، بڕیارە رۆژی ١٧ نیسانی ٢٠٢٦ لە سەعات هەشت بە كاتی ئەوروپا، فێستیڤاڵەكە بە فیلمی "هەڤاڵ براكۆ " كە بەرهەمی كۆمینا فیلم ڕۆژئاوایە لە دەرهێنانی "نۆمان یاگید”، دەست بە كارەكانی بكات، ئەمساڵ بە هۆی زۆریی دەرهێنەران لە هەر چوار پارچەی كوردستان، فیلمەكان بۆ نمایشكردنیان بەم جۆرە پۆلین كراون و بەرنامەیان بۆ دانراوە.
هەروەها گوتی، بەپێی بەرنامەی تیمی هەڵبژێراوی فێستیڤاڵ، تەنیا ٢٩ فیلمی درێژ، نۆ بەڵگە فیلم، 17 كورتە فیلم لە پرۆگرامی ئەمساڵدا دانراون، هاوكات جێگەی دڵخۆشییە هەموو ساڵێك ژنانیش پێشەنگن لە فێستیڤاڵەكەدا كە نۆ دەرهێنەر لە هەر چوار پارچەی كوردستان بەشدارن. هەروەها سیمینارمان دەبێت لەبارەی سینەمای كوردی بۆ سینەماكار و چالاك " لیزا چالان” كە دەرهێنەر و چالاكێكی كوردە لە باكوری كوردستانی و توركیا.
رەوەند ئەوەشی لەبارەی خەڵاتەكانی فێستیڤاڵ گوت كە لەسەر ئاستی چوار پارچە كوردستان خەڵات دابەش دەكرێن. خەڵاتەكان تەنیا بۆ كورتە فیلمەكانە و ئەو بەڵگە فیلمانەی لە پێشبڕكێن، هەر خەڵاتێك گوزارشت لە پارچەیەكی كوردستان دەكەن، وەك خەڵاتی دەرهێنەری كورد یەڵماز گۆنای و خەڵاتی ژینا ئەمینی وەك شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، خەڵاتی شۆرشگێڕ سینەماكار خەلیل داغ و خەڵاتی مافی مرۆڤ و خەڵاتی گەنجی بەهرمەند.
هاوكات لە فێستیڤاڵەكەدا چوار كەسمان وەك ژووری لیژنەی دادوەران دانەوە، ئەوانیش هەریەك لە فرمێسك مستەفا وەك باشووری كوردستان لە ئەڵمانیا، شەهرام عەلیدی وەك ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە پاریس، سینەماكار مەتین ئەور وەك سەرۆكی ژووری فێستیڤاڵ لە باكوری كوردستان لە ئامەد، لەگەڵ ئەندامێكی كۆمینا فیلم رۆژئاڤا محێدین ئەرسەلان. هاوكات هێڤی چنار لە ئەڵمانیا بەشدار دەبێت . ئەوەیش جارێكی تر پێشانی دا كە یەكێتیی كوردان و تێكۆشانی هاوبەش چەندە گرنگە.
رەوەند جەواد ئاماژەی بەوە دا، سێیەم فێستیڤاڵی فیلمی كوردی دۆسلدۆرف ٢٠٢٦، جارێكی تر لەسەر ئەم بنەمایە دروست بوو كە دەنگ و دیدگەكان و چیرۆكە كوردییەكان كۆ دەكاتەوە، سنوورەكان دەبڕێت و لە ئاستی نێودەوڵەتی پێشانیان دەدات، یارمەتیی دروستكردنی هۆشیارییەكی هاوبەش و پێوەندییەكان دەدات كە سنوورەكان دەبڕن. فۆكسی ئەمساڵی فێستیڤاڵ (یەكێتی و بەرخودان) هاوكات بۆ بەهێزكردنی یەكێتیی كوردان و تێكۆشانی هاوبەشە.
رەوەند زیاتر دەڵێت، سینەما لێرەدا دەبێتە شوێنێك كە ئەم یەكێتییە بە تەنیا پێشان نەدرێت، بەڵكو پەیامی گەورەتر هەیە ئەمڕۆ بە هاوبەش كار لەسەر كولتوور و هونەری سینەما بكرێت، بۆیە فێستیڤاڵەكە شێوازی سینەمای نەتەوەیی وەرگرتووه، چونكە فیلمەكان لە هەر چوار پارچەی كوردستان بەشدارن، هاوكات خەڵاتەكانی فێستیڤاڵ بۆ پشتگیریكردنە بۆ ئەو فیلمسازانەی فیلمی نوێ بەرهەم بهێنن، بۆیە خەڵاتەكانی فێستیڤاڵ بە ناوی یەكەم و دووەم و سێیەم نییە.
دواتریش گوتی، جێگەی خۆشحاڵییە فێستیڤاڵی فیلمی كوردی دۆسلدۆرف هەمیشە بیر لە لەوە دەكاتەوە فیلمەكان بە نێونەتەوەیی بكات، جێگەی خۆیشی لە ناو دەرهێنەران كورد و بینەرانی فیلمە كوردییەكان كردووەتەوە، بەتایبەتی لە جێگەیەكی وەك شاری دۆسلدۆرف كە ناوەندی گرنگی ئەڵمانیایە.