بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەر- هەولێر، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ساما؛ سبەینێ 29ی نیسان، بە سێ تابلۆ وەرزی نوێی كارو چالاكییەكانی خۆی نمایش دەكات.
ڕۆژی 29ی نیسان، لە رۆژژمێری جیهانیدا تایبەت كراوە بە ڕۆژی سەما كە لای زۆربەی نەتەوەكانی دنیا هەریەكە و بە شێواز و نەریتی خۆی ئەم یادە دەكرێتەوە، ئەم رۆژ و یادە لەسەر راسپاردە و بڕیاری رێكخراوی یونسكۆ، وەك رۆژی جیهانیی سەما دیار كراوە كە دیاركردنی رۆژەكەیش لەسەر رێكەوتی لەدایكبوونی سەماكاری فڕەنسی ژان جۆرج نۆڤێر بووە، كە لە 29ی نیسانی 1727 لەدایك بووە.
هەر وڵات و نەتەوەیەك شێوازی تایبەت بە خۆی هەیە لە پێڕەوكردنی بالێ، یان سەما، یا شایی و هەڵپەڕكێ، تەنانەت لەنێو هەندێ نەتەوەدا وەك سروودی ئاینی یان دەربڕینی سەركەوتن لە جەنگ یا وەك شینگێڕی، ڕێوڕەسمەكانی خۆیان دەكەن.
نەوزاد تەها بەرێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەر- هەولێر، بە "وشە"ی راگەیاند، لە كوردەواریدا ئەم هونەرە وەك هەڵپەڕكێ و شایی پێڕەو كراوە و ڕەواجی پێ دراوە، لەمەشدا چەندان شێواز و گوزارشت هەن، وەك جووڵەی چوونە مەیدان و جەنگ و دەربڕینی سەركەوتن، یان شینگێڕان بۆ شەهید و گیانبەختكردووان، یان كاری هەرەوەزی و هەڵگرتنەوەی بەروبوومەكان، تەنانەت بەڕێوەچوونی سروودە ئاینییەكان و پێڕەوكاری زۆر لە تەكیە و خانەقاكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەناویشیاندا كوردستان، سروودی تایبەت بە شێوازی سەما ئەنجام دەدرێن و ئەو جووڵە تایبەتانەی دەروێشان و موریدان لە كاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەكان بەتایبەتیش لە ناوچەی هەوراماندا دیمەنی تەواو كوردانەیان بەو شێوازە لە هونەر داوە.
روونیشی كردەوە كە هەرچی لەبارەى بەشی هونەرە میللییەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێرە، گرووپ و تیپی تایبەت هەیە بە هەڵپەڕكێ و لە بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانی و لە فێستیڤاڵەكانی ناوخۆ و دەرەوەدا بەشداریی دەكەین و نماییشەكانمان هەڵقووڵاوی ئەو سروود و داستان و مێژووە كوردییانەن، كە لە باوانمانەوە بۆمان هاتووە. ئەمەش نەك هەر بۆ كورد، بەڵكو لە كۆی مرۆڤایەتیدا پەیڕەو كراوە و بەڵگە مێژوویی و شوێنەوارییەكانیش بە نووسین و وێنەی هەڵكۆڵدراو لەسەر بەرد ئەوەی روون كردووەتەوە.
"ئێمە ئەمساڵ لە كاتێكدا ئەم یادە دەكەینەوە، كە بەداخەوە ناوچەكە لەناو شەڕ و گێژاو و ئاشووب و قەیراندایە، تەنانەت كوردستان كە بەشێك نییە لە شەڕ و ئاڵۆزییەكان، بەڵام زیانی گیانی و مادیشمان بەركەوتووە، لە خوای گەورە داواكارین كۆتایی بە نەهامەتی و كوشتار و جەنگ بێت لە تەواوی جیهان، بەتایبەت لەسەر كوردستان، پشتیوان بە خوا كوردستانمان زیاتر بەرەو پێشكەوتن و ئاوەدانی دەچێ و گەلەكەشمان بە تەواوی مافەكانی خۆی دەگات" نەوزاد تەها وای گوت.
وشە/ فەیسەڵ شێخانی