فارووق رەفیق: مەرگ پێچەوانەی ژیان نییە بەڵكو ساتەوەختی كەشفبوونییەتی

:: PM:01:35:29/04/2026 ‌
مردنی نووسەرێكی وەك فارووق رەفیق تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی داگیر كردووە و هاوڕێكانی یادی رۆژانی پێكەوەیان دەكەنەوە، فارووق لەبارەی مردنەوە دەڵێت: دەزانیت چی! مەرگ پێچەوانەی ژیان نییە، بەڵكو ساتەوەختی كەشفبوونییەتی.

فارووق رەفیق نووسەر و بیرمەند دوێنێ سێشەم 28ی نیسان، كۆچی دوایی كرد،  ژمارەیەكی زۆر كتێبی گرنگی بۆ كتێبخانەی كوردی جێهێشت.

فارووق لە شاری سلێمانی لەدایك بووە و لە كۆتایی حەفتەكانی سەتەی رابردوو لە زانكۆی بەغدا فەلسەفەی خوێندووە، دواتریش بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرای لە كەنەدا بەدەست هێناوە.

تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پڕبوون لە وێنەی فارووق رەفیق و هاورێ و خوێنەرەكانی بەداخن بۆ مردنی ئەو نووسەرە گەورەیە.

لەمبارەیەوە ئاوات ئەحمەد سوڵتان كە وەرگێرێكی دیارە و چەندان ساڵ هاوڕێی فارووق رەفیق بووە لەبارەی مردنەكەیەوە دەڵێت، وەك ئەوانیتر نەمرد، ئەو بە هێمنی لە هەراوزەنای بوون كشایەوە. هەر لە سەرەتاوە دەیزانی كە ژیان هیچ نییە جگە لە سەفەرێك بەرەو مەرگ. 

ئاوات دەڵێت، ئێوارەیەكیان بە دووقۆڵی لە پاركی دایك پیاسەمان دەكرد. لەناكاو گوتی "دەزانیت چی! مەرگ پێچەوانەی ژیان نییە، بەڵكو ساتەوەختی كەشفبوونێتیی. ئێمە تەنیا لە مەرگەوە دەتوانین لە ژیان تێبگەین."
 
پاشان نوكتەی كەسێكی كاڵفامی گێڕایەوە كە گوتبووی "ئەگەر بمرم شێت دەبم." ئاوات سوڵتان دەڵێت: ئەو ڕۆژە تێگەیشتم كە دەستی كردووە بە مەشقكردن لەسەر ڕۆیشتن.

"فاروق لە مەرگ نەدەترسا، بەڵكو لەوە دەترسا ژیان تێبپەڕێت بێ ئەوەی بیخەینە ژێر پرسیارەوە".

وەرگێر ئەوەشی گوتووە، من كە ئەم وشانە دەنووسم، هەست بە دەستەوسانی زمان دەكەم. ئاخر زمان كە ئامرازی ژیانە، چۆن دەتوانێت قسە لەسەر كەسێك بكات كە تێپەڕیوە بۆ ئەودیوی ژیان.

ئاوات ئەوەی نەشاردووەتەوە گەرچی لە زۆر شتدا لەگەڵی ناكۆك بووە، بەڵام هەمیشە خۆشی ویستووە. "لەكاتێكدا هەواڵی مەرگی  دەبیستم خەریكی خوێندنەوەی دواهەمین كتێبی ئەوم و ڕاستگۆیانە بڵێم: بەدڵم نییە.

هاوكات ئیدریس شێخ شەرەفی كە نووسەری بواری فكرە و مامۆستای زانكۆیە دەڵێت، هاوڕێ و مامۆستای ئازیز  فارووق رەفیق  بۆ ئەبەد بەجێی هێشتین.

ئیدریس گوتی، كەسێك كە خۆی گوتەنی وەك خەرەنگێز خەریكی وروژاندنی كێشە قووڵەكانی جڤاكی كوردی بوو، ئەو كەسەی زوو هەستی كرد ئێمە "ماڵێكی لێكترازاو و ویژدانێكی بیمار"مان هەیە و رەنگە یەكێك لە رێگەكانی دەرچوون "لۆژیك و عەقڵی كارا" بێت.

یەكێكیتر لەو كەسانەی كە چیرۆكێكی سەرنجڕاكێشی فارووق رەفیق دەگێڕێتەوە، كاوە ئەمینی رۆژنامەوان و  نووسەرە ئەو دەڵێت، وەختی خۆی چیرۆكێكیان لەسەر كاك فاروق دەگێڕایەوە جا نازانم دروست كرابوو یان راست بوو، بەڵام لەگەڵ سەركێشییەكانی فارووقدا یەكیان دەگرتەوە، بۆیە پێموایە روویداوە. 

"دەیانگوت فارووق لە مەریوانەوە بەرەو ئەحمەدئاوا چووە، ئینجا لەوێوە بۆ خوار تاڤگەكەی زەڵم باسی  ناوەڕاستی هەشتاكان دەكەم، بە مەبەستی دیدار لەگەڵ دایكی (ئامینە خان) كە بەنهێنی لە سلێمانییەوە بۆ دیداری فارووق چووە بۆ ئەو كێوانە". 

كاوە دەڵێت: فارووق بە هەنسكە هەنسك دێتە خوارەوە، لەپڕ پێشمەرگەیەكی پارتی لێ پەیدا دەبێت وا دەزانێت تەسلیم بە حكوومەت دەبێتەوە، ئیدی یەخەی دەگرێت و دەڵێت: بە كەلامی خوا مامۆستا ناڕۆیت، دەزانم تەسلیم دەبیتەوە! فارووقیش زۆری پێناخۆش دەبێت و روو لە پێشمەرگەكە دەكات و دەڵێت: كاكی خۆم ئێوە بۆچی خەبات دەكەن؟
پێشمەرگەكە دەڵێت بۆ دیموكراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان.
فارووق دەڵێت دەی بەو كەلامی خوایەی كە خواردت، كە ئێوە ئۆتۆنۆمیەكەشتان وەرگرت من هەر نایەمەوە، جا بەقوربانت بم،  دایكم لەو خوارەوە چاوەڕێم دەكات، لێمبگەڕێ بابڕۆم! ئیدی كاكی پێشمەرگە ڕێگەی چوونی دەداتێ.

فارووق رەفیق زۆر شتی دنیای هەرێمی كوردستان بەدڵ نەبوو، زۆر توند دژیان بوو، زۆربەی كات لەو شتانەی هەراسنی دەكرد تووڕەبوو، بەتووڕەیەوە قسەی لەبارەوە دەكردن.

جارێك لە كۆڕێكدا هەولێردا بەتوندی دژی قسەكانی نووسەرێكی ئێرانی كە بانگێشتی هەولێر كرابوو، كرد و گوتی، سادقی زیباكەلام دەڵێت: "باشترە كورد خەریكی (عیرافان) بێت، ئەم هەموو باڵاخانەیەی بۆچییە؟، لەوەلامدا خۆی دەیگووت، ئەوان وەك میلەتانی سەردەست دەیانەوێت كورد هەر لە ئەشكەوتەكاندا بمێنێتەوە، نەك كێبڕكێ لەسەر ژیانێكی خۆشتر و باشتر و شارستانی بكات! كەچی بەداخەوە چەپڵەی بۆ لێدرا،  فارووق گوتی، یانی چی خۆتان وەك ئێران  خەریكی دروستكردنی بۆمبی ئەتۆم بن و ئێمەش خەریكی (عیرافان) بین..

هاوكات د. شێركۆ كرمانج لەبارەی فارووقەوە دەڵێت: ئەو كەسێك نەبوو لەناو عەوام خۆشەویست بێت، ئەمەش خسڵەتێكی ڕەخنەگر و ڕووناكبیرە. كەسی ڕووناكبیر ئیشی ئەوە نییە بە دڵی خەڵك بنووسێت، بەڵكو دەبێت ڕەخنە لە تێگەیشتنەكان و كردە و ڕەفتارەكانی ئەوان بگرێت و ئاراستەیان بكات بۆ گەڕان بەدوای ڕاستییەكاندا. كاك فاروق لەمەدا زۆر سەركەوتوو بوو چونكە چەندان ڕووبەر و سەكۆی جیاوازی بەكار دەهێنا بۆ دەربڕینی دید و تێگەیشتنەكانی و ڕەخنەكانی.
گرنگترین بەرهەمە چاپكراوەكانی فارووق رەفیق:

بەشێك لەبەرهەمە گرنگەكانی نووسە/
- پاكس ئەمەریكانا (سەردەمی هەیمەنەی ئەمەریكی - چاوپێكەوتن لەگەڵ فاروق رەفیق، سازدانی ناسك قادر) - 2002
- غەمە جڤاتیەكان (دوو بەرگ) 2006 - 2008
- ئاشتكردنەوەی عەقڵ و عیشق (پەروەردەی لیبراڵ و ئاكاری مەدەنی)
- یەك كاتژمێری ماوە بۆ نیوەشەو - 2009
- هونەری عیشق - 2010
- داستانەكانی خۆرهەڵات لەبەردەم ئاوێنەی زاتی خوادا (شیعر) - 2006
- فەلسەفە و ژیان- 2009
- هونەری فەلسەفە (هونەری فەلسەفە وانەیەكی مێتافیزیكیانەیە) - 2010
- وێستگەیەك لە گەشتێكی فەلسەفی - 2011



وشە - سۆران عەزیز