دوێنێ چوارشەم 29ی نیسان، بەختیار عەلی لە زانكۆی LSE لە شاری لەندەن، لە كۆڕەكدا گفتوگۆی دەربارەی وەرگێڕانی كاری ئەدەبی بە گشتی و هەندێك لە ڕۆمانەكانی كرد.
كۆڕەكە ژمارەیەكی بەرچاو خوێنەرانی رۆمان ئامادەی بوون، كە یەكەمجارە بۆ نووسەرێكی كورد لەوڵاتانی ئەوروپا ئەو ژمارە لە خوێنەری كتێب ئامادەبن.
لە درێژەی چالاكییەكانی نووسەردا بڕیار وایە ڕۆژی دووی مانگی داهاتوو، بۆ گفتوگۆیەك دەربارەی ڕۆمانی "مردنی مامۆستا عینایەت" و "دواهەمین هەناری دونیا"، بەختیار عەلی میوانی كۆمەڵەی كولتووری كوردی دەبێت لە بێرمینگهام.
بەپێی گرێبەستێك كە بەختیار عەلیی نووسەر و ڕۆماننووسی دیاری كورد كردوویەتی، شەش بەرهەمی ئەو نووسەرە بۆ سەر چەند زمانێكی بیانی دێنە وەرگێڕان.
ڕۆمانی "دواهەمین هەناری دونیا" لە ماوەیەكی نزیكدا بە زمانی ڕووسی بڵاو دەكرێتەوە، بڕیاریشە ئەمساڵ ڕۆمانی "بەندەر فەیلی" بە زمانی دانیماركی چاپ بكرێت.
شەش ڕۆمانی ئەو نووسەرە وەردەگێڕێنە سەر زمانەكانی، ئینگلیز، ڕووسی، دانیماركی، ئەڵمانی، سویسری، توركی، كەتەلانی.
هەروەها گرێبەستێك لەگەڵ بنكەی بڵاوكردنەوەی "دیل كراتەر" لە بارسێلۆنا واژوو كراوە بۆ مەبەستی وەرگێڕان و چاپكردنی ڕۆمانی "دواهەمین هەناری دونیا" بە زمانی كەتەلانی.
لە ئەمەریكاش بنكەی بڵاوكردنەوەی ئاركیپێلاگۆ رۆمانی "داگیركردنی تاریكی" بە زمانی ئینگلیزی چاپ دەكات، ڕۆمانی "نەفرەتی نەوبەهاران"ـیش بۆ سەر زمانی ئەڵمانی هاتووەتە وەرگێڕان و بنكەی بڵاوكردنەوەی یونیۆنس فێرلاگـی سویسری چاپی دەكات.
جگە لەوەش گرێبەستێك لەگەڵ بنكەی توتەم یاینلار واژوو كراوە، بۆ وەرگێڕان و بڵاوكردنەوەی هەردوو ڕۆمانی "شاری مۆسیقارە سپییەكان" و "كۆشكی باڵندە غەمگینەكان" بە زمانی توركی.