پارێزەرانی ڕۆژئاوای كوردستان دژی لابردنی زمانی كوردی ناڕەزایی دەردەبڕن

:: PM:06:01:10/05/2026 ‌
پارێزەرانی ڕۆژئاوای كوردستان دژی لابردنی زمانی كوردی لەسەر تابلۆی فەرمانگەكان گردبوونەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بوونی زمانی كوردی لە تەنیشت زمانی عەرەبی، لە پێگەی زمانی عەرەبی كەم ناكاتەوە، بەپێچەوانەوە ڕێزگرتنە لە فرەڕەنگیی كولتووریی سووریا.

یەكێتیی پارێزەران لە قامیشلۆ و جەزیرە، بەهۆی لابردنی زمانی كوردی لەسەر تابلۆی فەرمانگەكان ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە و رایانگەیاند، زمانی كوردی بەشێكی گرنگە لە ژیانی كولتووری و كۆمەڵایەتیی پارێزگای حەسەكە، بەپێی فەرمانی سەرۆكایەتیی ژمارە 13ـی ساڵی 2026، هەروەها بڕگەی سێ‌ مادەی حەوتی جاڕنامەی دەستووری، پارێزراوە، هەروەها  ڕێككەوتنی 29ـی كانوونی دووەم، ناسنامەی جیاوازی زمانی كوردیی گەرەنتی كردووە.

ئاماژە بەوە كراوە، پێویستە ئەم مافە تەنیا وەك نووسراوی سەر كاغەز نەمێنێتەوە، بەڵكو دەبێت بە شێوەیەكی كردەیی لە داودەزگا و تەواوی ناوەندە گشتییەكاندا جێبەجێ بكرێت.

هەروەك دووپات لەوە دەكەنەوە كە بوونی زمانی كوردی لە تەنیشت زمانی عەرەبی لە سەر تابلۆی دامەزراوە فەرمییەكان، لە پێگەی زمانی عەرەبی كەم ناكاتەوە، بەپێچەوانەوە ڕێزگرتنە لە فرەڕەنگیی كولتووریی سووریا بە گشتی و پارێزگای حەسەكە بە تایبەتی.



وشە - وشه‌