ماجید نووری رۆمانی "گەڕانەوەی ئەوڕەحمانی نفووس" بڵاو دەكاتەوە

:: PM:01:39:14/05/2026 ‌
"گەڕانەوەی ئەوڕەحمانی نفووس" رۆمانێكە كە لەلایەن نووسەری دیار ماجید نووری نووسراوە، باس لە مێژوویەك دەكات كە تەواوی رووداوەكانی لە واقیعدا هەڵهێنجراون و زۆربەی رووداوەكانیشی لە كەركووك روویان داوە، كارەكتەری سەرەكیی رۆمانەكە ئەوڕەحمانی نفووسە كە دەكاتە باپیری نووسەرەكە خۆی.

رۆمانی "گەڕانەوەی ئەوڕەحمانی نفووس" كە لە 248 لاپەڕە پێكهاتووە، لە چاپخانەی "هێڤی" لە هەولێر و بە تیراژی 500 دانە چاپ كراوە و ئێستە لە كتێبفرۆشەكان بەردەستە. لەلایەن نووسەری دیار ماجید نووری نووسراوە. نەخشەسازیی كتێبەكە لەلایەن شاخەوان جەعفەر و پرۆتریەتی سەر بەرگ عەزیز پیرداودە كە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كتێبخانە گشتییەكان، ژمارەی سپاردنی 76ی ساڵی 2026ی پێ دراوە.

ماجید نووری لەم كتێبەیدا هەوڵی بە رۆمانكردنی مێژوویەكی داوە كە دەگەڕێتەوە سەر هەقایەتی لە مێژینەی خۆنەچەماندنی كارەكتەری خەباتگێڕی كوردی لە ئاست ستەمی ئەستووری داگیركاریدا. بۆیە نووسەر بۆ چوونەبەر دەروازەی گێڕانەوەكان لەسەر زاری شەهید ئەوڕەحمانی نفووسەوە كە كارەكتەری سەرەكیی رۆمانەكەیە، بەرەو قووڵایی گێڕانەوەكەی دەمانبات.

ماجید نووری زیاتر دەڵێت، لە رووداوەكانی رۆمانەكەوە سەرقاڵی دیتنەوەی چەندان رایەڵەی واقیعی و ئەفسووناویش دەبین كە یەكانگیر دەبنەوە، دواتر كەسایەتیی سەرەكیی رۆمانەكە، بە چەندان كەسایەتیی ترمان دەناسێنێت، ئەوانیش بە ناوی راستەقینەی خۆیانەوە، بەسەرهات و یادەوەرییەكانی كەركووك دەگێڕنەوە.

شەهید ئەوڕەحمانی نفووس كە كارەكتەری سەرەكیی رۆمانەكەیە. ژیانی ئەو بەشێك لە مێژووی كوردایەتی و نیشتمانپەروەریی كوردستان لە كەركووك لەخۆ دەگرێت، هاوكات دەكاتە باپیری نووسەر و دروست باوكی دایكیەتی.

ماجید نووری كە لەدایكبوونی 1968ی سلێمانییە، ساڵانێك لە هەولێر ژیاوە و ئێستە خۆی و خێزان لە سوید نیشتەجێیە، یەك لە نووسەرە دیارەكانی كوردە و خاوەنی دەیان كتێبی چاپكراوە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د