هونەرمەند فەزڵ شاكر وازی لە توندڕەوی هێنا و دەگەڕێتەوە بۆ هونەر

:: AM:10:21:16/05/2026 ‌
كوڕی هونەرمەندی ناسراوی لبنانی فەزڵ شاكر ئاشكرای كرد، ئەگەر كێشە یاساییەكان كە بڕیارە بەمزووانە تەواو بن، باوكی بۆ سەر ستەیجی ئاهەنگەكان دەگەڕێتەوە.

محەمەد فەزڵ شاكر كوڕی هونەرمەندی ناسراوی لبنانی فەزڵ شاكر، لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە كرد، ئەگەر هەلومەرجە یاساییە گونجاوەكان دەستەبەر ببن، ئەگەری دەركەوتنی دووبارەی باوكی لەسەر ستەیجی ئاهەنگەكان زۆر نزیك بووەتەوە.

هەروەها گوتیشی، هەمووان چاوەڕێن كێشە یاساییەكانی باوكی كۆتایی پێ بێت و بۆ هەمیشە بگەڕێتەوە بۆ دنیای هونەر و وەك جاران بدرەوشێتەوە.

تیمی بەڕێوەبردنی كارەكانی فەزڵ شاكر، ئێستە كار لەسەر داڕشتنی پلانێك دەكەن بۆ گەڕانەوەی ئەو گۆرانیبێژە. پلانەكە ئامادەكاری لە خۆ دەگرێت بۆ بڵاوكردنەوەی ژمارەیەك بەرهەمی گۆرانیی نوێ، دەستبەجێ دوای یەكلاكردنەوە و چارەبوونی تەواوەتیی دۆخە یاساییەكەی.

هەمان ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەش كردووە، ئەو هونەرمەندە نزیكەی 20 گۆرانیی نوێی تۆمار كردووە، كە بڕیارە بەشێوەیەكی قۆناغ بە قۆناغ بڵاو بكرێنەوە.

بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە یەكەمین بەرهەمیش گۆرانییەك بێت بە ناوی (قمری)، ئەمەش وەك بەشێك لەو پلانەی كە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی ئامادەیی بەهێزی ئەو هونەرمەندەیە بۆ ناو گۆڕەپانی گۆرانیی عەرەبی، پاش چەندان ساڵ لە دابڕان.

دووركەوتنەوەی فەزڵ شاكر لە كاری هونەری و دواتر خۆشاردنەوەی، یەكێك لە وێستگە دیارەكانی ژیانی ئەو هونەرمەندەیە، هۆكاری دووركەوتنەوە و خۆشاردنەوە  لە 2013ـەوە، بۆ رووداوەكانی "عەبرا" لە شاری سەیدا لە باشووری لبنان لە حوزەیرانی 2013 دەگەڕێتەوە، پێش ئەو رووداوانە، نزیكایەتییەكی زۆری لەگەڵ شێخ ئەحمەد ئەسیر پەیدا كردبوو. لە چەندان بۆنەدا پێكەوە دەردەكەوتن و فەزڵ شاكر وازی لە گۆرانیی ئەوینداریی هێنا و رووی كردە سروودی ئاینی.
 
لە 2013دا پێكدادانێكی خوێناوی لە نێوان لایەنگرانی ئەحمەد ئەسیر و سوپای لبنان رووی دا و بووە هۆی كوژرانی ژمارەیەك سەربازی سوپا. دوای ئەم رووداوانە، فەزڵ شاكر رووبەڕووی چەندان تۆمەتی قورس بووەوە، لەوانە پێكهێنانی گرووپی چەكداری، هاندان دژی سوپای لبنان و بەشداریكردن لە كوشتنی سەربازاندا.
 
بۆ رزگاربوون لە گرتن و دادگاییكردن، فەزڵ شاكر خۆی شاردەوە و پەنای بردە بەر كەمپی ئاوارەكانی "عەین حلوە" كە بە ناوچەیەكی دەرەوەی كۆنترۆڵی دەوڵەتی لبنان ناسراوە، دواتر خۆی رادەست كرد و ئامادەیی پێشان دا بەرپرسیارێتی هەڵگرتنی ئەو قۆناغەی ژیانی بگرێتە ئەستۆ و باجەكەشی هەرچی بێت بیدات.




وشە - سۆران عەزیز