هەوڵەكان بۆ لادانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق چڕ بوونەتەوە، لەم ماوە كەمەدا كارەكانی بوونەتە هۆی نیگەرانیی لایەنەكان.
دەوڵەتی یاسا هەر لە سەرەتاوە دژی دانانی هەیبەت حەلبووسی بووە و پارتیش لەگەڵی نەبوو، ئەم دوو هێزە پێیان وابوو هەیبەت كەسێكی هەرزەیە و شایانی ئەو پۆستە نییە، بەڵام دواجار تێپەڕێنرا.
ئێستە هەڵسوكەوتی رۆژانەی سەرۆكی پەرلەمان و مامەڵەی لەگەڵ لایەنەكان نیگەرانیی لێ كەوتووەتەوە، هاوكات لە بابەتی دەنگدان لەسەر كابینەی نوێی حكوومەت بەتەواوی نیگەرانییەكان زیادیان كرد و لایەنەكان دەڵێن دەنگدانەكە نایاسایی و بێڕێزی بوو.
لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە كابینەكەی عەلی زەیدی، كۆمەڵێك پێشێلكاری یاسایی لە ژماردنی دەنگدانی پەرلەمانتارەكان و بەڵێن نەبردنە سەری هێزە سیاسییەكان بۆ دەنگدان بە كاندیدەكانی یەكتر ڕوویان دا.
سعوود ساعدی ئەندامی فراكسیۆنی حقووق لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەندێك لە هێزەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، پێیان وایە كێشەی سەرەكی لە شێوازی بەڕێوەبردنی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەیە، بۆیە بژاردەی گۆڕینی سەرۆكایەتیی پەرلەمان وەك ئەولەوییەتێكی سیاسی لە قۆناغی ئێستەدا تاوتوێ دەكرێت.
دەڵێت، لابردنی سەرۆكی ئێستەی پەرلەمان كارێكە زۆر پێویستە، چونكە بەتەواوی هەست دەكرێت كارەكان لە پەرلەمان بەرەو تێكچوون دەچن و ئەو دامەزراوە گرنگە وێران دەبێت.