لە جزیریی باكوری كوردستان ژیان و بەرهەمەكانی جەلادەت عەلی بەدرخان نمایش كران

:: AM:09:37:18/05/2026 ‌
لە جزیریی باكوری كوردستان، لە چوارچێوەی چالاكییە كولتوورییەكاندا، شانۆگەریی "هاوار" كە باس لە ژیان و بەرهەمەكانی جەلادەت عەلی بەدرخان دەكات، نمایش كرا.

لە هۆڵی كۆنفرانسەكانی شارەوانی جزیری، لە چوارچێوەی 12مین فێستیڤاڵی كولتوور، هونەر و زمانی جزیریدا، شانۆگەریی "هاوار" لەلایەن ئایهان ئەركمەن هونەرمەند و یاسایی پێشكەش كرا. لە نمایشەكەدا ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان، نوێنەرانی پارتە سیاسییەكان و ڕێكخراوە مەدەنییەكان ئامادە بوون.

هونەرمەند ئایهان ئەركمەن كە ماوەیەكی زۆرە وەك چیرۆكخوان و شانۆكار كار دەكات، لەم بەرهەمە نوێیەیدا تیشكی خستووەتە سەر گۆڤاری "هاوار" و كەسایەتیی جەلادەت عەلی بەدرخان. شانۆگەرییەكە بە زمانێكی هونەری، باس لە ژیانی بەدرخان لە شام، پێوەندییە دیپلۆماسییەكانی و هەوڵە بێوچانەكانی بۆ داڕشتنی بنەماكانی زمان و وێژەی كوردی دەكات.

ڕێكخەرانی فێستیڤاڵەكە لە كۆمەڵەی "برجا بەلەك" بۆ زمان و كولتوور، لەبارەی گرنگیی ئەم نمایشە ڕایان گەیاند، ئامانجیان زیندووكردنەوەی میراتی ڕۆشنبیریی كوردە و گوتیان: "ئەم شانۆگەرییە تەنیا گێڕانەوەی مێژوو نییە، بەڵكو بەستنەوەی نەوەی نوێیە بەو خەباتە فیكرییەی كە لە گۆڤاری هاوارەوە دەستی پێ كرد".




وشە - سۆران عەزیز