دەسەڵاتدارانی ئێران گۆرانی و سروودی نەتەوەیی لە هونەرمەندانی كورد قەدەغە دەكەن

:: AM:10:34:19/05/2026 ‌
 كۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشە لە هونەرمەندان و گۆرانیبێژانی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن، ڕێگرییان لێ دەكەن گۆرانیی نەتەوەیی و نیشتمانی بڵێن.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی "كوردپا"، ئیدارەی ئیتڵاعاتی بۆكان لە ڕێگەی پێوەندیی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەی لە گۆرانیبێژان، ژەنیاران و خاوەن ناوەندە موزیكییەكان كردووە كە نابێت هیچ جۆرە سروود و گۆرانییەكی شۆڕشگێڕی، نیشتمانی و نەتەوەیی بڵێن، بە دژە شۆڕش هەژمار دەكرێن.

 ماوەیەك بەر لە ئێستە دەزگاكانی پۆلیسی ئێران، هونەرمەند سەید عەلی قورەیشیان گرت، ماوەی حەوت رۆژە بێسەروشوێنە، لە دوای گیرانی ئەو هونەرمەندە، ئێران هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ گرتن و راوەدوونانی ئەو هونەرمەندانەی كورد كە بایەخ بەكاری نەتەوەیی دەدەن.

هونەرمەندانی كورد بەتایبەت شاری بۆكان، هۆشداریی توندیان پێ دراوە ئەگەر پابەندی بڕیارەكان نەبن، تووشی سزای قورس دەبن و تاوانەكەیان بەدژە شۆڕشی كۆماری ئیسلامی دێتە هەژمار.



وشە - سۆران عەزیز