لە پەیمانگەی تەكنیكی و پیشەیی نیشتمان، هۆڵێك بەناوی تەڵعەت تاهیری شاعیرەوە كرا، ئەگەرچی خۆی پێی وایە كەسانێكی زۆر لەو باشتر و شایانی تر هەن.
ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا هۆڵێكی مۆدێرن و جوان و گەورە لە پەیمانگەی تەكنیكی و پیشەیی نیشتمان لە سلێمانی، بەناوی تەڵعەت تاهیرەوە كرا.
تەڵعەت كاتێك كە پێی رادەگەیەنن هۆڵێك بەناوی ئەوە دەكرێت، داوا دەكات خەڵكێكی زۆر لەو باشتر و ناودارتر هەن، بۆیە بەناوی ئەوانەوە بكرێت، بەڵام پەیمانگەكە سوور بوون لەسەر ئەوەی هۆڵەكەی بەناوی ئەو بكەن.
تەڵعەت لەبارەی كارەكەوە گوتی، پێم باش نییە ئەو شتانە بەناوی كەسایەتیی "زیندوو" بكرێت، چونكە زیندوو شایانی گۆڕانە، بۆیە دەكرێ سبەی بەجۆرێكی تر بگۆڕێت و هەموو ئەو كەسانەی پێشتر رێزیان گرتووە، پەشیمان بكاتەوە.
گوتیشی من پێم باش بوو هۆڵەكە بەناوی مردووەكانەوە بكرێت، ئەو هەموو شاعیر و نووسەرە گەورەیەی سلێمانی هەبوون كە شایانی ئەوەن چەندان شتیان بەناوە بكرێت.
تەڵعەت تاھیر لەدایكبووی ساڵی 1973 مەخمووری سەربە هەولێرە. لە كۆتایی هەشتاكان دەستی بەنووسینی شیعر كردووە. تەڵعەت ماوەیەك جێگری سەرۆكی بنكەی ڕووناكبیریی گەلاوێژ بووە.
چەندان دیوانی چاپ كردووە و وەرگێڕانیشی بۆ شیعری شاعیرانی بیانی كردووە، ماوەیەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان شیعر و قسەكانی تەڵعەت تاهیر بەچڕی بڵاو دەكرێنەوە، ئەمەش وایكردووە خەڵكێكی زۆر لەسەر ئاستی كوردستان بیناسن.