مادەی هۆشبەر لەناو گۆرانیبێژ و ئەكتەری توركیا بڵاوبووەتەوە و 25 كەسیان گیران

:: AM:09:42:23/05/2026 ‌
لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەیەكی بەرفراوان لەبارەی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكان، داواكاری گشتیی ئیستانبوڵ فەرمانی گرتنی بۆ 25 كەسایەتیی ناوداری توركیا دەركرد  كەزۆربەیان ئەكتەر و گۆرانیبێژن.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی داواكاری گشتیی لە ئیستانبوڵ، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكاندا، هەڵمەتێك دژی ئەو كەسانە بەڕێوەچووە كە بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكان ئاسان دەكەن، شوێنی بۆ دابین دەكەن و بەكاری دەهێنن.

وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، هەڵمەتەكە بەمەبەستی گرتن و پشكنین، ئەنجامدانی پشكنینی بایۆلۆجی و وەرگرتنی گوتە لە 25 كەس ئەنجام دراوە، كە كەسایەتی دیار و بەناوبانگی توركیان.

لە ناو گیراوەكان هەریەك لە گۆرانیبێژان مابێڵ ماتیز و "بێركای شاهین"، ئەكتەران فەیزا جیڤێلەك، ئۆنور تونا و چەندانی تر هەن، تۆمەتبارن بە كڕین و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر و ئاسانكاری بۆ بەكارهێنانی ئەو مادانە".

ئەكتەری ناودار سێرێنای ساریكایا كە یەكێكە لەو كەسانەی فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە، لە كاتی ئۆپراسیۆنەكەدا لە دەرەوەی وڵات بووە.

میدیاكانی توركیا دەڵێن، لە كاتی پشكنینی شوێنی مانەوەی تۆمەتباراندا، هێزەكانی پۆلیس دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر مادەی هۆشبەردا گرتووە.

گیراوەكان دوای پشكنینی پزیشكی و وەرگرتنی نموونەی خوێن و قژ بۆ دڵنیابوونەوە لە بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر، ڕەوانەی دادگا دەكرێن تا بڕیاری كۆتاییان لەبارەوە بدرێت. 

لە توركیا بەتایبەت لەناو گۆرانبێژ و ئەكتەراندا، مادەی هۆشبەر بووەتە بەڵایەكی گەورە و بەشێوەیەكی بەرفراوان بڵاو بووەتەوە، لە رێگەی ئەوانیشەوە خەڵكێكی زۆر بەناوی هەوادار و سەرسامی ئەو كەسانە مادەی هۆشبەر بەكار دێنێت.




وشە - سۆران عەزیز