لە هەنگاوێكی گرنگدا كە نیشانەی ڕێز و بایەخدانە بە هونەر و كولتووری كوردی، كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر، پێشوازیی لە هونەرمەند و نووسەری ناسراوی كورد حەمە هاشم كرد.
لە پێگەی فەرمی خۆی لە X كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا، خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری هونەرمەندی شێوەكاری كورد حەمە هاشم دەربڕی و بە "مایسترۆ و هونەرمەند" ناوی برد. ئەمەش نیشانەی ڕێزێكی زۆر و بەرزنرخاندنی پێگە و توانای هونەریی حەمە هاشمە.
تەوەری سەرەكیی دیدارەكە، پیرۆزبایی كونسوڵ بوو بۆ حەمە هاشم بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی كتێبە هونەرییەكانی بە زمانی كوردی، كە تایبەتە بە ژیان و بەرهەمەكانی هونەرمەندانی جیهانی بەتایبەتی پەیكەرسازی گەورەی ئیتاڵی "میكێل ئانجێلۆ".
كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا ئەم كتێبە نوێیەی وەك "دەستپێشخەرییەكی كولتووریی گرنگ" وەسف كرد. ئەو گوتی كە ئەم كتێبە "بەشدارە لە بڵاوكردنەوەی میراتی هونەریی نەبڕاوەی ئیتاڵیا"، لە هەمان كاتدا هاوكارە بۆ "بەرەوپێشبردنی زمان و كولتووری كوردی."
تۆماس سانسۆن كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر پشتگیریی خۆی بۆ پڕۆژەی هاوبەش و داهاتووی هونەرمەندی شێوەكان حەمە هاشم دەربڕی.
حەمە هاشم توێژەر و هونەرمەندی بواری شێوەكارییە، چەندان كتێبی هونەری جۆراوجۆری نووسیوە كە بوون بە سەرچاوەی گرنگی توێژینەوە و یەكێك لەوانەیش لەسەر میكێل ئانجێلۆیە.