ماوەی پێشانگەی كتێبی كوردی درێژ كرایەوە

:: AM:10:38:10/06/2026 ‌
بەهۆی داخوازی و خواستی زۆری خوێنەران بۆ سەردانكردنی یەكەمین پێشانگەی كتێبی كوردی، هەروەها داواكاریی دەزگە و وەشانخانە بەشدارەكان، بڕیار درا ماوەی پێشانگەكە بۆ یەك ڕۆژی تر درێژ بكرێتەوە. بەپێی ئەم بڕیارە، پێشانگەكە تا سەعات هەشتی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەم بەردەوام دەبێت.

لە راگەیەنراوێكی پێشانگەكەدا هاتووە، بەناوی ڕێكخەر و هەموو بەشدارانی یەكەمین پێشانگەی كتێبی كوردییەوە، سوپاسی لایەنە پێوەندیدارەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەستەی كارگێڕی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەكەین، بۆ هاوكاری و هاوئاهەنگییان لە پێناو درێژكردنەوەی ماوەی پێشانگەكەدا.

دەشڵێن، هیوادارین ئەم دەرفەتە نوێیە ڕێگە بدات بە ژمارەیەكی زیاتر لە خوێنەران و كتێبدۆستان بۆ سەردانكردنی پێشانگەكە، سوودوەرگرتن لە داشكاندن و ئۆفەرە تایبەتەكانی ناوەند و وەشانخانە بەشدارەكان.



وشە - سۆران عەزیز