دەرهێنەرێكی سۆران پلەی یەكەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەست هێنا

:: AM:10:47:10/06/2026 ‌
كورتە فیلمی "ئێمە تاڵاوەكانین" لە دەرهێنانی دێرسیم ئۆرەمار، توانی پلەی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق لە پێشبڕكێی "بۆچوونی گەنجان" لە شاری بەغدا بەدەست بهێنێت، كە تێیدا تیشك دەخرێتە سەر كێشە ژینگەییەكان و ناسنامەی مرۆڤ لە زۆنگاوەكاندا.

فیلمی دیكۆمێنتاریی "ئێمە تاڵاوەكانین" (We Are the Marshes) كە بەرهەمی كۆمپانیای ماڵتیمیدیا ئەیجەنسی (Multimedia Agency)یە، خەڵاتی یەكەمی لە بەشی فیلمی كورتدا لە پێشبڕكێی "بۆچوونی گەنجان" (Through Young Eyes) لە بەغدا بردەوە. ئەم فیلمە بەهۆی پێشاندانی كاریگەرییە ژینگەییەكان لەسەر زۆنگاوەكان و پێوەندییە بەردەوامەكانی نێوان مرۆڤ، خاك و ناسنامە، شایستەی ئەم خەڵاتە بینرا. 

دێرسیم ئۆرەمار بە "وشە"ی  راگەیاند، خۆشحاڵم وەك دەرهێنەرێكی دەڤەری سۆران، توانیم ئەم سەركەوتنە گەورەیە لەسەر ئاستی عێراق بەدەست بهێنم. فیلمەكەمان هەوڵێكە بۆ پێشاندانی ئەو ئاستەنگە ژینگەییانەی ڕووبەڕووی زۆنگاوەكان دەبنەوە و چۆن گۆڕانی كەشوهەوا، كاریگەریی قووڵ لەسەر ژیان و ناسنامەی مرۆڤەكان دروست دەكات. 

ئۆرەمار زیاتر گوتی، رێوڕەسمی خەڵاتكردنەكە لە شەشی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لە پەیمانگەی فڕەنسی لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو، كە لەلایەن بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (UNDP Iraq) بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی فیلمی بابلیۆن (Babylon Film Foundation) و بە پاڵپشتی حكوومەتی كەنەدا ڕێكخرابوو. لەم پێشبڕكێیەدا ژمارەیەك فیلمساز لە سەرانسەری عێراق بەشدارییان كردبوو و تیشكیان خستبووە سەر بابەتەكانی ناسنامە، گۆڕانی كەشوهەوا، ژینگە و ئاستەنگییە كۆمەڵایەتییەكانی ژنان لە زۆنگاوەكاندا.

كرمانج فەتاح



وشە - وشه‌