ڕۆماننووسێكی كورد بووە براوەی خەڵاتی ئەدەبیی هەمینگوەی بۆ ساڵی 2026

:: PM:12:17:14/06/2026 ‌
ڕۆماننووسێكی كورد، توانی وەك براوەی خەڵاتی ئەدەبیی هێمینگوەی بۆ ساڵی 2026 دەستنیشان بكرێت و نازناوەكە بباتەوە.

نووسەری كورد بورهان سۆنمەز لە ئیتاڵیا وەك "شایەتحاڵی سەردەمی ئێمە" خەڵاتی هەمینگوەی وەرگرت. لیژنەی خەڵاتی هەمینگوەی لە ئیتاڵیا لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد بورهان سۆنمەزیان وەك «شایەتحاڵی سەردەمی ئێمە» خەڵات كردووە. 

خەڵاتەكە لە ساڵی 1984ـەوە ساڵانە دەبەخشرێت، تا ئێستە نووسەران و بیرمەندانی وەك سلاڤۆی ژیژێك، زیگموند باومان و چەند كەسایەتییەكی تری بواری وێژە، كاروانی ڕۆشنبیری و شایەتحاڵانی سەردەم وەریانگرتووە. 

سۆنمەز 27 حوزەیران دەچێتە شاری لیگنانۆ سابیادۆرۆ بۆ ئەوەی لە رێوڕەسمی پێدانی خەڵاتەكەدا، گوتارێك بە ناونیشانی "واتای شایەتحاڵیی سەردەمی ئێمە" پێشكەش بكات. 

دوای ڕاگەیاندنی ناوەكەی سۆنمەز گوتی، ئەو، ئەم خەڵاتە بە ناوی ئەو كەسانەی بۆ ئازادی و ئاشتەوایی تێكۆشاون، زیندانی كراون و ژیانی خۆیان لەو ڕێگەیە لە دەست داوە وەردەگرێت، بەتایبەت بۆ دایكانی شەموو.

لەمبارەیەوە فەرهاد چۆمانی رای گەیاند، بە خۆشحاڵییەوە بورهان سۆنمەز مافی وەرگێڕانی سەرجەم كتێبەكانی بۆ كوردی و زاراوەی سۆرانی بە من بەخشیوە، یەكەم ڕۆمانی بە زمانی كوردی بە ناونیشانی «ئیستانبوڵ ئیستانبوڵ» لەلایەن وەشانخانەی فام لە ساڵی 2025 چاپ و بڵاو كراوەتەوە.

گوتیشی، لە داهاتوویەكی نزیكدا، وەك ئەو بەڵێنەی لە نێوان من و نووسەردا هەیە، ڕۆمانەكانی تریشی ئامادە دەبن بۆ چاپ. ئێستە ڕۆمانی "بەرد و سێبەر" لە قۆناغی دوایین كارەكانی پێداچوونەوەدایە و دوای ئەویش "هەزارداڵان" و "باكور" و "ئەڤیندارانی فرانز ك." و «ئاوێنەی سوور» دێن.

بورهان سۆنمەز لە نووسەرە ناسراوەكانی باكوری كوردستانە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ناوبانگی هەیە و كارە وێژەییەكانی لەبارەی دادپەروەری، شكۆی مرۆڤ، یادەوەری و ئازادین.




وشە - سۆران عەزیز