تابلۆكانی حەمە هاشم لە شاری ئۆرادیای رۆمانیا بۆ ماوەی دوو مانگ نمایش دەكرێن

:: AM:11:27:28/06/2026 ‌
لە چالاكییەكی ھونەریی گرنگدا، ئەمڕۆ پێشانگەیەكی تاكەكەسیی هونەرمەند و لێكۆڵەری هونەری "حەمە ھاشم" بە ناونیشانی "Faces of the Aftermath" (رووخسارەكانی دوای كارەسات) لە گەلەری "ریپێراج" (Gallery Reperaj) لە شاری ئۆرادیای رۆمانیا كرایەوە.

ئەم پێشانگەیە كە بەرهەمی چەند ساڵێكی لە كاركردنی بەردەوامە، كۆمەڵێك تابلۆ و كاری هونەری لەخۆ دەگرێت. حەمە ھاشم لەم زنجیرە كارە نوێیەیدا، بە سەرنجكردنە سەر قوتابخانەی ئۆبستراك ئیكسپرێشنیزم (Abstract Expressionism)، هەوڵی داوە گوزارشت لە قووڵایی مرۆیی و كاردانەوەی رووخسارەكان بەرانبەر بە رووداوە دەرەكییەكان و كاریگەرییە مێژوویی و كۆمەڵایەتییەكان بكات.

لەبارەی ناوەڕۆكی كارەكانی، ھونەرمەند بۆ "وشە" دووپاتی لەسەر ئەوە كردەوە، ئەم پێشانگەیە درێژكراوەی ئەو دیدگە فەلسەفی و هونەرییانەیە كە لە كتێبەكانیدا بە وردی لەسەری دواوە، بەتایبەت لەڕووی پێوەندیی نێوان "ئێستێتیك" و واقیعی دۆخە نەخوازراوەكان.

جێگەی ئاماژەیە، پێشانگەی "Faces of the Aftermath" بۆ ماوەی دوو مانگ لە گەلەریی ریپێراج بە كراوەیی دەمێنێتەوە، چاوەڕوان دەكرێت پێشوازی لە ژمارەیەكی زۆر لە هونەردۆستان و رەخنەگرانی بواری هونەری لە ناوخۆ و دەرەوەی رۆمانیا بكات.

حەمە ھاشم وەك هونەرمەند و لێكۆڵەرێكی خاوەن ئەزموون، پێشتر چەندان بەرهەمی نووسینی هونەری لەسەر هونەرمەندانی جیهانی وەك ڤان گۆگ و میكێل ئەنجێلۆ بڵاو كردووەتەوە، ئەم پێشانگەیە وەك ئەڵقەیەكی تری كاروانی هونەری ئەو دادەنرێت كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت.



وشە - سۆران عەزیز