گەزیزە عومەر و رێزان ساڵح بەشداریی كۆنفرانسێكی شانۆیی لە سویسرا دەكەن

:: AM:11:55:28/06/2026 ‌
شانزەیەمین خولی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی (هنریك ئیبسن) لە زیورخی سویسرا بۆ ماوەی سێ رۆژ بەڕێوە چوو، تێیدا هەریەك هونەرمەند گەزیزە عومەر و رێزان ساڵح بەشدارییان تێدا كرد. 

بەپێی راگەیەنراوی هونەرمەندان، گرنگی ئەم كۆنفرانسە خوێندنەوە و تێڕامانە بۆ شیكردنەوەی سەر لە نوێی دەقەكانی هنریك ئیبسن. شانۆنامەكانی بابەتی سەرەكی كۆنفرانسی ئەمساڵ، بریتییە لە "ئیبسن تۆپیكالەتی -ئیبسن و لە ترۆپكدا مانەوەی كارەكانی- چۆن و بۆچی ئیبسن هێشتا  هاوچەرخ و پێوەندیدارە  بەكێشەكانی دنیای ئەمڕۆ".

لە كۆنفرانسەكەدا لە كۆی 145 توێژینەوە و بابەتی ئەكادیمی دەخرێنەڕوو، دوو لەو توێژینەوانە لەلایەن هەریەك لە شانۆكارانی كورد گەزیزە عومەر و رێزان ساڵحەوە پێشكەش كراون.

رێزان ساڵح بۆ شانۆیی هێدا گابلەر و گەزیزە عومەر بۆ شانۆیی جۆن گابریل بۆرگمان،  لەم كۆنفرانسەدا وەك دوو شانۆكاری كورد بەشدارن.

ئەم كۆنفرانسە دوو ساڵ جارێك لە وڵاتێكی ئەوروپا ساز دەكرێت، پێشتر لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و  ئەڵمانیا، نەرویچ، چین و هیندستان  بەڕێوە چووە.

هنریك ئیبسن لە ساڵی ١٨٢٨ لە گوندێكی بچووكی نەرویج لە دایك بووە، ساڵانێكی زۆری تەمەنی لە ئیتاڵیا و ئەڵمانیا بەسەر بردووە، كارە گەورەكانی لەو دوو وڵاتە نووسیوە، لە كۆتاییەكانی تەمەنیشی دەگەڕێتەوە نەرویج و لە شاری كریستانیا كە ئێستە ئۆسلۆیە لە ساڵی 1906 كۆچی دوایی كردووە.

ئیبسن بە كۆڵەكەی شانۆ ریالیزمی نوێ دادەنرێت، هەروەها بە یەكێك لەو نووسەرانە دادەنرێت زۆر راشكاوانە لەسەر دۆزی مافەكانی ژنان و خێزان كاری كردووە.



وشە - سۆران عەزیز