لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی وەزارەتی پەروەردە بۆ یەكخستن و ستانداردكردنی زمانی كوردی لە ناوەندەكانی خوێندندا، لیژنەی ڕێنووس و خاڵبەندی نامیلكەیەكی بەناوی "پوختەی ڕێنووس" بڵاو كردەوە.
لیژنەكە رای گەیاندووە، ئەم پوختەیە بەشێكی بچووك و ئاسانكراوە لە پڕۆژە گەورەكەی "ڕێبەری ڕێنووس و خاڵبەندیی وەزارەتی پەروەردە".
دەڵێت، ئامانج لە بڵاوكردنەوەی ئەم فایلە ئەوەیە كە ببێتە ڕێبەرێكی خێرا و كرداری، بۆ ئەندامانی لیژنەكانی پێداچوونەوە و هەموو مامۆستایان، تا لە كاتی نووسین و دانانی پرسیارەكاندا، بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕوونكردنەوەی درێژی بیردۆزی و تەنیا لە ڕێگەی چەند نموونەیەكی دروست و هەڵەوە، كارەكانیان ئاسانتر بكەن.
وەزارەتەكە نامیلكەكەی بۆ سەرجەم مامۆستایان، پەروەردەكاران، نووسەران و فێرخوازانی زمانی كوردی بەپێویست زانیوە و پێشكەشی ئەوانی كردووە.