نووسراوێكی پۆلیس ناڕەزایی هونەرمەندانی كوردستانی لێ كەوتەوە

:: PM:01:03:12/07/2026 ‌
نووسراوێكی فەرمی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی كوردستان، ناڕەزایی هونەرمەندانی لێ كەوتووەتەوە و پێیان وایە، ئەوە كاری ئەوان نییە باس لە هونەر و ئەدەب بكەن.

بەگوێرەی نووسراوەكە كە واژووی لیوای مافپەروەر تاریق ئەحمەد ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم لەسەرە، ئاماژە بەوە كراوە، دوای تێبینییەكانی پۆلیسی هەولێر، دەركەوتووە لە هەندێك "فیلم، دراما و شانۆگەری"دا، كارەكتەری پۆلیس بەشێوازێكی نەشیاو پێشان دراوە كە زیان بە شكۆی ئەم دامەزراوە هەستیارە دەگەیەنێت.

بەگوتەی پۆلیس، نابێت هیچ مۆڵەتێكی پێشوەختە بەمجۆرە كارانە بدرێت بەبێ ڕەزامەندیی پۆلیس، سەرپێچیكارانیش بەگوێرەی مادەی (226)ی یاسای سزادانی عێراقی ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.

بۆ ئەو نووسراوەی پۆلیس، هونەرمەندان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناڕەزایی دەردەبڕن و بەشی زۆریان ئاماژە بەوە دەكەن، ئەوە دژی ئازادیی هونەرییە و پۆلیسیش وەك هەر كەس و لایەكی تر، دەكرێت لەناو هونەردا رەخنەی لێ بگیرێت و هاوكات دەكرێ ستایشیشی بكرێت.
 
هونەرمەندان پێیان وایە ئەو نووسراوە خزمەتی تەسككردنەوەی ئازادییەكان دەكات، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە نابێت وا مامەڵە لەگەڵ هونەر بكات.

داواشیان كردووە ئەگەر تێبینییەكیان لەسەر كارێك هەیە، لە رێگەی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە بیگەیەنن، نەك بریار لەسەر كاری هونەری بدەن و سانسۆری بكەن.




وشە - سۆران عەزیز