خانمە هونەرمەندی كورد فرمێسك، نوێترین گۆرانیی بە ناوی "چیرۆك" بڵاو كردەوە و رای گەیاند، ئەم كارەی ئەنجامی كاری هاوبەشی چەندان كەسە. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گۆرانییەكەش پێشوازییەكی گەورەی لێ كرا.
فرمێسك كە هونەرمەندێكی نیان و سەنگین و دەنگخۆشی كوردە، پێشتر چەند بەرهەمێكی ئاستبەرزی پێشكەش كردووە و گوێگری زۆریان هەبوو، ستایلێكی شیرینی هەیە و هەرزوو مرۆڤ شەیدای هونەرەكەی دەكات.
گۆرانییەكی نوێی بە ناوی "چیرۆك" ە، كلیپێكی سادەی بۆ كردووە، بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گوێگرێكی زۆری هەبووە و ڤیدیۆكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستاودەست دەكات.
لە بەرهەمهێنانی ئەم گۆرانییەدا ستافێكی شارەزا رۆڵیان هەبووە، بورهان موفتیزادە ئاوازەكەی داناوە. تێكستی گۆرانییەكە شاعیر و وەرگێڕی دیاری كورد ناسر حیسامیی نووسیویەتی.
فرمێسك لەبارەی كارە نوێیەكەیەوە بۆ رای گشتی دەڵێت، بە هەموو دڵ و گیانمەوە دەمەوێت سوپاسی ئەو كەسانە بكەم كە بە خۆشەویستی، وزە و هاوكارییەكانیان لەگەڵم بوون و هەمیشە لە تەنیشتم مانەوە.
دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەم بەرهەمە بە خۆشەویستی و بە هاوكاریی چەند مرۆڤێكی بەنرخ بەرهەم هاتووە، كە بوونیان بۆ ئەو بووەتە سەرچاوەی هاندان و ئیلهام.