ڕۆژی 21ی 10 پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر دەكرێتەوە و 22 وڵات بەشداریی دەكەن

:: PM:01:16:28/07/2026 ‌
بەهۆی شەڕ و هێرشە ئاسمانییەكانەوە ئەمساڵ پێشانگەی كتێب لە مانگی چوار لە هەولێر نەكرایەوە، ئێستە ئامادەكارییەكان بۆ بەڕێوەچوونی پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب دەستی پێ كردووە.

17 ساڵ بوو دەزگای مەدا بەسەرپەرشتی سەرۆك بارزانی، پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێبی لە هەولێر بەڕێوە دەبرد، ئەمساڵ بەهۆی داخستنی ئاسمان و هێرشە سەربازییەكان، پێشانگەكە دواخرا.

پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە هەولێر خەریكی ئامادەكارییە بۆ بەڕێوەچوونی 18یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب كە لە دەیان وڵاتەوە كتێبەكان دەهێنرێن، بڕیارە ئەمساڵ گەورەترین پێشانگە و جیاوازتر لە ساڵان بەڕێوە بچێت.
 
فەرهاد سابیر بەڕێوەبەری كارگێڕی لە دەزگای مەدا، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی 18ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب دەستی پێ كردووە.

زیاتر گوتی، ئەمساڵ بەهۆی وەستانی هێڵە ئاسمانییەكان و مەترسیی هێرشە درۆنییەكان، نەتوانرا پێشانگە لە مانگی چوار بكرێتەوە، بۆیە بڕیار دراوە ڕۆژی 21-10-2026 پێشانگەكە بكرێتەوە و تا 31-10 بەردەوام بێت.

پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر ساڵانە لە هۆڵی پێشانگەكان لەناو پاركی سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر بەسەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی دەكرێتەوە، سەرووی 300 دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوە لە 22 وڵاتی جیاواز بەشداریی دەكەن.



وشە - سۆران عەزیز