کیژان ئیبراهیم خەیات خانمە گۆرانیبێژى ناسراوى کورد کە خاوەن چەندان بەرهەمى هونەرییە، ئەو خەونی ئەکتەر و پێشکەشکارى ناسراوى کورد هەژان هێرش دێنێتە دی بەوەی کارى دەرهێنان بۆ یەکێک لە بەرهەمەکانى بکات بەناوى "مەڕۆ".
هەژان بە"وشە"ى راگەیاند کە (مەڕۆ) ناوى نوێترین بەرهەم و کلیپى خانمە گۆرانیبێژى ناسراوى کورد کیژان ئیبراهیم خەیاتە، ساڵێک لەمەوبەر کاتێک گوێم لەو گۆرانییە گرت، زۆر حەزم دەکرد کارى دەرهێنانى کلیپى بۆ بکەم. ئاشکرای کرد "خەونەکەم هاتە دى و ماوەى ساڵێکە خەریکى سیناریۆى ئەو کلیپەم، ڕەنگە بڵێن بۆچى ئەو گۆرانییەت هەڵبژاردووە؟ ئەو گۆرانییە زۆر تایبەتە لەلام و زۆر خۆشحاڵ و دڵخۆشم کە یەکەم کارم دەبێ لەگەڵ کیژانی دەنگخۆش".
هەژان ئاماژەی بەوەیش دا کە دەرهێنەرى فیلمی سینەمایی بەهمەنى قوبادى رێنوێنی کردووە کە کارى دەرهێنان بکات، "ئەگەر سپۆنسەر هەبێت بەردەوام دەبم لە کارى دەرهێنەرى" .
ئەو بەرهەمەمان تازە بڵاو کردووەتەوە بەبۆنەى سەرى ساڵى نوێ، ئەو گۆرانییە لە تێکست و ئاوازى سۆران ئیبراهیمە و کارى موزیک و دابەشکردنى هونەرمەند هێمن حوسێن ئەنجامى داوە و لە سلێمانى کارى وێنەگرتنى بۆ کراوە، لە ستۆدیۆى میلۆدى لە شارى هەولێر کارى تۆمارکردنى بۆ کراوە، هەردى سەلامى کارى وێنەگرتنى بۆ کردووە .
شایەنى باسە هەژان پێشتر وەک ئەکتەر و پێشکەشکار دەرکەوتووە و لە ساڵى 2006 یەکەم کارى نواندنى ئەنجام دا کە بریتى بوو لە بەشداریکردن لە دراماى "گەڕان بەدواى سێبەرەکان".
شاخەوان شێخانى