ئەو پۆلیسەی جۆرج فلۆیدی كوشت بەر چەقۆ درا

:: PM:08:11:25/11/2023 ‌

ئەمڕۆ شەموو 25ی تشرینی دووەم، میدیاكانی ئەمەریكا بڵاویان كردووەتەوە "دێریك شۆڤن" ئەو پۆلیسەی بە كوشتنی "جۆرج فلۆید"ی رەشپێست سزا درابوو، لەناو زینداندا بە چەقۆ بریندرا كراوە.

بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی نیۆرك تایمزی ئەمەریكی، دێریك شۆڤن ئەو پۆلیسە ئەمەریكییەی كە بە كوشتنی جۆرج فلۆیدی ئەمەریكیی بەرەچەڵەك ئەفەریقی سزا درابوو، لەناو زیندانێكی ویلایەتی ئەریزۆنا لەلایەن زیندانییەكی ترەوە بە چەقۆ لێی دراوە و بریندرا بووە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەیش كردووە، بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، بە گوتەی دوو شایەتحاڵ دێریك شۆڤن رۆژی هەینی لەناو زیندان هێراشی كراوەتە سەر و بە چەقۆ بریندرا كراوە.

بەرپرسانی زیندانە فیدراڵییەكانی ئەمەریكا بەیاننامەیەكیان بۆ فرانس پرێس ناردووە و پشتڕاستیان كردووەتەوە كە "هێرشكردنێك" لەناو زیندان هەبووە و كارمەندانی زیندان رێوشوێنییان گرتووەتە بەر بۆ رزگاركردنی زیندانییەك، بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی قوربانییەكە بكەن.

بە تۆمەتی پێشێلكردنی مافەكانی جۆرج فلۆید لەكاتی گرتنیدا لەلایەن دێریك شۆڤینی پۆلیسی ئەمەریكی كە لە گوتەی دادوەردا هاتبوو "بە بێ ویژدانی مامەڵەی كردووە" و بووە هۆی مردنی فلۆید لە مانگی ئایاری 2020، دادگای ئەمەریكی سزای 21 ساڵ زیندانیكردنی بەسەر شۆڤیندا سەپاند و ئێستا ماوەی سزاییەكەی لە زیندان بەسەر دەبات.

شۆڤنی تەمەن 47 ساڵ، ددانی بەوە داناوە کە مافی فلۆیدی پێشێلکردووە بۆ ئەوەی "دەستبەسەرکردنی ناڕەوا"ی لەسەر جێبەجێ نەکرێت، شۆڤنی زیاتر لە 9 خولەک بە کەلەپچەکراوی ئەژنۆی لەسەر ملی فڵۆید دانا لە کردەوەیەکی کوشتندا کە بە مۆبایل وێنەی گیراوە.

مردنی فلۆید بووە هۆی ناڕەزایەتی لە زۆرێک شارەکانی ئەمەریکا و جیهان دژی دڕندەیی پۆلیس و مامەڵەی ڕەگەزپەرستانە، شۆڤن خۆی لە دادگاییکردنی تاوانکاری بۆ جاری دووەم دوور خستووەتەوە، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە ساڵانێکی زۆر لە بەندیخانە بەسەر دەبات.



وشە - رزگار خدر