لە كلینیكێكی
ئیستەنبۆڵ خزمەتگوزارێك خۆی وەك دكتۆر نیشان دەدات و چوار ددانی پێشەوەی نەخۆشێك هەڵدەكێشێ، نەخۆشەكە تووشی ئاوسانی رووخساری و ئازارێكی زۆر دەكات.
هاكان یڵدرم/42 ساڵ، پێوەندی بە كلینیكی ددان دەكات لە شارەدێی "كاگیتانێ" لە وڵاتی توركیا، بۆ ئەوەی كاتێكی بەپەلەی بۆ دیار بكەن، پێوەندییەكە لەلایەن جەمال شیناسلان وەڵام دەدرێتەوە و خۆی وەك پزیشك دەناسێنێ و داوا لە هاكان دەكات ئێوارە سەردانی كلینیك بكات بۆ چارەسەركردنی ددانی.
نەخۆشەكە لە كاتی دیاریكراو سەردانیان دەكات و لەلایەن جەمال پێشوازیی لێ دەكرێت، بۆ ئەوەی یەڵدرم هەست بە ئاسوودەیی بكات جەمال شانازی بەخۆیەوە دەكات كە وانەبێژە لە زانكۆیەكی پزیشكیی ددان.
ئەم پیاوە داماوە نەیدەزانی بەمزووانە تووشی بەئازارترین ئەزموونی ژیانی دەبێت، دوای پشكنینێكی سادە و كورتی ددانەكانی نەخۆشەكە، شیناسلان پێی دەڵێ، دەبێ چوار ددانی پێشەوەت دەربهێندرێن.
یەڵدرم بە سەرسووڕمانەوە دەڵێ، ئەوەندەی من بیزانم، نابێت ددانێك دەربهێندرێت كە تووشی هەوكردن بووە، شیناسلان پێداگیری لەسەر پێویستیی ئەمە دەكات و دڵنیای دەكاتەوە كە بە ددانی دەستكردی زۆر باشتر بۆی دەگۆڕێت، نەخۆشەكە بێهۆش دەكات و چوار ددانی پێشەوەی هەڵدەكێشێ.
یەڵدرم بە ناچاری بەرگەی ئەو ئازارە دەگرێ و بڕی هەزار لیرەی توركیش دەدات بە "پزیشكی ددان"ەكە، پاشان بە رەچەتەیەك كە واژووی شیناسلانی لەسەرە بەرەو دەرمانخانە دەچێت.
كاتێك لە دەرمانخانەكە داوای پارەی دەرمانەكانی لێكرا، هاكان یەڵدرم هەست دەكات هەڵەیەكی گەورە بوو كە متمانەی بە شیناسلان كرد، چونكە كە داوای كرد پارەكە لەسەر بیمەی تەندروستی بێت و پەرستارەكە بەمە رازی بوو، بەڵام كە سەیری راچێتەكەی كرد بینی مۆری پزیشكی لەسەر نییە، ئەمەیش نادروستە.
ڕۆژی دواتر، سەرەڕای ئەو ئازارە زۆرەی کە تووشی بوو، پیاوەکە گەڕایەوە بۆ کلینیکی ددان، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو، پزیشکی ڕاستەقینە شیناسلان نەبوو.
پزیشكەكە بە یڵدرم دەڵێ، "جەمال كرێكاری پاككەرەوەیە، شەوانە دێت و ئەم شوێنە پاك دەكاتەوە".
بەڵگەنامەکانی دادگا ئاماژە بەوە دەکەن هاکان یڵدرم ناچار بوو بچێتە ژووری فریاکەوتن چونکە ئیتر توانای بەرگەگرتنی ئازاری نەماوە.
دەموچاوی بەتەواوی ئاوسا بوو لەژێر چاوەكانی ئاسەواری هەوكردن و هەڵكێشانی ددانەكانی دیاربوون.
ئۆگوژان ئێر، پارێزەری هاکان یڵدرم بە دادگای ڕاگەیاندووە، جەمال شیناسلان بە تەواوی تاوانبارە، جگە لە زیانە جەستەییەكان لەڕووی دەروونیشەوە تووشی زەبر و ئازار بووە، لەبەر ئەم هۆکارە داوای قەرەبوو بە بڕی 100 هەزار لیرە لە جەمال شیناسلان دەكەن.
دادگا سزای دوو ساڵ و نیو زیندانیکردنی بۆ جەمال شیناسلان "پزیشکی ددانی ساختە" سەپاند، بە تۆمەتی کارکردنی وەك پزیشکی ددان بەبێ بڕوانامە، هەروەها ناچاری کرد قەرەبووی یڵدرم بكاتەوە بەهۆی ئەو زەبر و ئازارەی تووشی كردووە.