پەنگوین لە ڕۆژێکدا هەزاران سەرخەو دەشکێنێت

:: PM:12:38:05/12/2023 ‌
پەنگوین، ئەو ئاژەڵە جوانەی كە لە كوردستان نییە، بەگوێرەی توێژینەوەكان زۆرترین توانای هەیە بۆ خەوتن و لە ماوەی ڕۆژێكدا هەزاران جار سەرخەو دەشکێنێت، هەموو خەوەکانیشی چەند چرکەیەک دەخایەنێت.

دنیای ئاژەڵ تایبەتمەندی و نهێنی زۆری تێدایە، هەمیشە زانیاری نوێ هەیە لەبارەیانەوە كە مرۆڤ پەی پێ نەبردووە، بۆ نموونە ئەم نهێنییەی خەوی پەنگوین تازە ئاشكرا دەبێ. دۆزینەوەی شێوازی خەوی پەنگوین لەلایەن توێژەرێکەوە سەلمێنراوە كە خۆیشی پێشتر بە هەڵە لە پەنگوین تێگەیشتووە، پاوڵ ئەنتۆین دەڵێ، "پێشتر لە کتێبەکاندا و بە درێژای مێژوو بە هەڵە تێگەیەنرابووین لەوەی پەنگوین سیستمێکی خەوتنی ڕێکی هەیە، بەڵام راستییەكە ئەوەیە كە خەوی پەنگوین نامۆیە و لە ڕۆژێکدا بە هەزاران جار سەرخەو دەشکێنێت". 

زانستی خەو زانستێکی نوێیە و لە سەرەتای ساڵانی 1900 سەری هەڵداوە، ئەمەیش دوای ئەوەی باس لەوە کرابوو کە خەڵکی لە کاتی خەوتندا شەپۆلەکانی مێشکیان خاو دەبێتەوە.

دوا بەدوای ئەنجامدانی چەند توێژینەوەیەک لەسەر مرۆڤ، زانایان دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە لەبارەی خەوی ئاژەڵ و گیاندارەکانی تری سەر گۆی زەوی، ئەوەی لە سەرەتاوە دەرکەوت بریتیبوو لەوەی کە هەموو ئاژەڵێکی تر هاوشێوەی مرۆڤ بۆ ماوەیەک دەخەوێت، تەنانەت ماسی کارەباییش ''ماسی جەلی فیشەکان'، بەهەمانشێوە لە ماوەیەکی دیاریکراودا دەخەون، بەڵام شێواز و کاتی خەو لە ئاژەڵێکەوە بۆ ئاژەڵێکی تر دەگۆڕێت. 

بەگوێرەی دۆزینەوە زانستییەكان، زەڕافە لە ڕۆژێکدا تەنیا دوو سەعات دەخەوێت، لە کاتێکدا شەمشەمە کوێرەی قاوەیی لە ڕۆژێکدا تەنیا چوار سەعات بە ئاگایە. لە کاتی خەودا مێشکی مرۆڤ دەكوژێتەوە ''شەت داون'' دەبێت و مرۆڤ بێ ئاگا دەبێت، بەڵام سەگی ئاوی تەنیا لایەکی مێشکی دەخەوێت و لایەکەی تری لە کاردایە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سەگی ئاوی بریتییە لەوەی، تەنانەت لە کاتی خەویشدا مەلە دەکات.

بە گوێرەی نوێترین توێژینەوە، پەنگوین وەک قەلەوەر پۆلێن دەکرێت، ڕۆژانە هەزاران سەرخەو دەشکێنێت، بەشێک لە خەوەکانی لە ئاودایە، بەڵام لەبەر منداڵ و هێڵکەکانی، بەشێکی تری خەوەکانی لە هێلانەیەکیدایە. پەنگوین بە ئاژەڵێکی بەسۆز ''عاتفی'' دانراوە و هەر گەشتێکیش کە بۆ دەریاکانی نزیک خۆی بیکات، نۆ سەعات دەخایەنێت، لە پاش گەڕانەوە لە هەر گەشتێک، 22 سەعات لەگەڵ وەچەکانیدا بەسەر دەبات.

بەهۆی ئەوەی ئاژەڵێکی خەمخۆرە و بەرپرسیارانە پاسەوانیی وەچەکانی و دەوروبەرەکەی دەکات، پەنگوینەکان لە کاتی ڕاودا و لە کەنار دەریا ناخەون، تەنیا کاتێک دەخەون کە دێنەوە لانەکانیان، بەڵام چەند چرکەیەک دەخەون و هەڵدەستنەوە، 600 جار لە سەعاتێکدا بە ماوەی پچڕ پچڕ دەخەون.

خەو بەشێکی گرنگی ژیانە و زانایان دەڵێن، خەوتن مرۆڤ لە خانە شێرپەنجەییەکان ڕزگار دەکات، هەروەها مرۆڤیش وەک پەنگوین خەوی پچڕ پچڕی هەیە، بەڵام ئەم شێوازە لە خەو زیان بە مرۆڤ دەگەیەنێت.


وشە - ئارا هێمن