ئەو دەستەواژەیە چییە کە هەموو کەسە سەرکەوتووەکان بەکاریان هێناوە

:: PM:08:28:06/12/2023 ‌
زۆربەی خەڵکی کاتێک هەڵەیەک ئەنجام دەدەن، ئامادە نین ددان بە هەڵەکەیاندا بنێن و نکۆڵی لەوە دەكەن کە هەڵە بن، بەڵام دەروونناسەکان دەڵێن، یەکێک لەو نهێنییانەی کە لە هەموو کەسە سەرکەوتووەکاندا هەبووە، بریتییە لەوەی کە لە گوتنی ئەم سێ وشەیە سادەیە ناترسن، ئەویش بریتییە لەوەی بڵێن ''من هەڵە بووم''. 

لێرەوە چەند کۆڵەکەیەکی پشتی کەسە سەرکەوتووەکان ئاماژەی پێ کراوە، ئەوانیش بریتین لە:

1-دانانی گەشە کردن و فێربوون وەک کاری لەپێشینە: 
 لە یەکێک لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی بەرپرسیارێتی دەگرنە ئەستۆ لە کاتی ئەنجامدانی هەڵەیەکدا، ئەوا هەلی گەشەکردن و پێگەیشتنیان زیاتر دەبێت، شارەزایان دەڵێن، دداننان بە هەڵەکەتدا ناتکاتە کەسێکی خراپ، بگرە ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارێتیی هەڵەکانیان دەگرنە ئەستۆ، ئەوانەن کە لە توانایاندا هەیە ئەو هەڵەیە ڕاست بکەنەوە.
2-داواکردنی زانیاریی زیاتر: 
کاتێک کەسێک پێت دەڵێ، تۆ هەڵەیت، هەڵمەچوو و یەکسەر بەرگری لە خۆت مەکە، بەڵکو داوای زانیاری و ڕوونکردنەوەی زیاتر بکە، بزانە بۆچی هەڵەیت، ئەگەر بێت و پرسیار بکەیت، ئەوا لە ئەنجامدا بیرێکی فراوانت دەبێت و کەمتر بە گوتەی کەسانی بەرانبەر هەڵدەچیت.
3-ئەوەت بیر نەچێت کە خەڵکی لێبوردەیە:
دکتۆر جۆنز هۆپکینزدەڵێ، زۆربەی خەڵکی بە سروشتی لێبوردەن، هەروەها ئەم کەسانە مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵیان کەمترە، ئاستی کۆلیسترۆڵیان جێگیرە، کوالێتیی خەویان باشترە، کەمتر دووچاری دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و فشاری دەروونی دەبنەوە، لە کاتێکدا ددان بە هەڵەکانماندا دەنێین، ئەوا ئەگەری چارەسەرکردنیان زیاتر دەبێت و بەم هۆیەشەوە دەتوانین پێوەندییەکانمان بپارێزین.
4-لە خەڵکی خۆش بە هەر وەک چۆن لە خۆت خۆش دەبیت:
جەیمس ئاڕ بەیلی، مامۆستا لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن دەڵێ، کاتێک کەسێک هەڵەیەک دەکات و تۆ لەسەر ئەو هەڵەیە بڕیار لەسەر باشی و خراپی ئەو کەسە نادەیت، یان هەڵەکەی لەبیر دەکەیت، ئەوکات خێزانەکەت و کەسانی دەوروبەرت لەوە تێدەگەن کە تۆ کەسێکی گەورەیت و توانای ئەوەت هەیە کە بەسەر کێشەکانتدا زاڵ ببیت.


وشە - ئارا هێمن