لە عێراق هەندێك گەنج دایبی دەبەستن.. بۆچی؟

:: PM:11:32:06/12/2023 ‌

جیا لە چەندان تەنگژەی قووڵ كە عێراقییەكان بە دەستییەوە دەناڵێنن، لەوانە سیاسی و تەناهی و ئابووری و خزمەتگەزاری و كۆمەڵایەتی و هیتریش، لەو پەنایەدا دەیان كێشەی مەترسیداری كۆمەڵایەتی لە ناو خەڵكەكە، بە تایبەتی گەنجان، بڵاو بووەتەوە كە هەڕەشە لە بنیاتی كۆمەڵگەكە دەكەن، شارەزایەك ئاماژە بۆ مەترسیی ئاڵوودەبوون بە ئینتەرنێت دەكات و دەڵێت، ژمارەیەك گەنجی عێراقی بۆ مانەوە لە ناو گێم و پەخشە راستەوخۆكان دایبی دەبەستن.

قاسم كنانی، توێژەری كۆمەڵایەتی، وریایی لە مەترسی ئاڵوودەبوونی گەنجان بە ئینتەرنێت دەدات، ئاشكرای دەكات كە دۆخەكە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی هەندێك لەوان بۆ مانەوە لەناو یارییەكان، دایبی پەككەوتتان دەبەستن.   

ئەو توێژەرە دووپاتی دەكاتەوە كە یاساكانی عێراق تەنیا گرنگی بە ئەنجامەكان دەدەن نەك هۆكاری ئەو حاڵەتانە، تا ئێستە بۆ مامەڵەكردنی یاسایی لەگەڵ ئەو بابەتە پشت بە یاسای 111 مادەی 103 بۆ ستاَی 1969 دە بەسترێت، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی لەو ساڵەوە تا ئێستە هیچ یاسایەكی ترمان نییە؟، بۆچی هیچ سیستمێكمان نییە تاك لە پێشكەوتنی تەكنۆلۆجی بپارێزێت؟ 

ئەو توێژەرە دەڵێت، رەنگە ئەو شەڕانەی كۆمەڵگەی عێراقی بە ناویدا تێپەڕ بوون، كاریگەریی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی هەبووبێت و هۆكاری ئەو ئاكارانەی ئێستەی كۆمەڵگەكەمانن، چارەسەركردنیشی پێویستی بە دانانی ستراتیجیەتێكە، كە بە داخەوە نییە، چونكە ئەوانەی كاریان بە دەستە بە دوای چارەسەری خێرادا دەگەڕێن، كە ئەوەش هۆكارەكەی چارەسەر ناكات.

ئەو توێژەرە دەڵێت ئاڵوودەبوون بە ئینتەرنێت، هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ ئاڵوودەبوون بە مادەی هۆشبەرەوە نییە، چونكە هەمان كاریگەری كارەساتباری لەسەر مرۆڤ هەیە، ئێستە لە عێراق شەڕ لە نێوان دەسەڵاتداران و ئەو كەسانەیە كە بابەتی سووك لە سۆشیال میدیا بڵاو دەكەنەوە، بەڵام هەر كە یەكێكیان دەگیرێن، دەی تر پەیدا دەبن.

كنانی تیشك دەخاتە سەر حاڵەتێكی نامۆ و دەڵێت، هەندێك لە گەنجانی ئاڵوودەبوو بە ئینتەرنێت و ماڵپەڕی گێم و پەخشە راستەوخۆكان، پەنا بۆ بەستنی دایبیی پەككەوتە و بە تەمەنەكان دەبەن، ئەوەش بۆ ئەوەی لە یارییەكان دانەبڕێن، ئەوان میز و پاشەڕ لە ناو دایبییەكان دەكەن، چونكە ناچارن بەهۆی یارییەكانەوە بۆ زیاتر لە 15 سعاتی بەردەوام لەسەر كورسی دابنیشن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل