پێچەوانەی دەنگۆیەكان "زستانێكی سەخت و شەپۆلی بەفر و باران بەڕێوەیە"

:: PM:08:46:07/12/2023 ‌
سەبارەت بە بڵاوكردنەوەی دەنگۆی وشكەساڵی بۆ وەرزی دابارینی ئەمساڵ، پێشبینیكارێكی پێشكەوتووی كەشوهەوا دەنگۆیەكان رەت دەكاتەوە، هاوكات دووپات دەكاتەوە لە رۆژی شەمووی هەفتەی ئایندە چەند شەپۆلێكی باران ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ حەوتی كانوونی یەكەمی 2023، شاڵاو هیدایەت پێشبینیكاری پێشكەوتووی كەشوهەوا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، مەترسیی وشكەساڵی لە گەرمیان و كوردستان نییە و بەپێچەوانەوە ساڵێكی زۆر باش دەبێ بۆ دابارین.

لە بڵاوكراوەكەیدا روونی كردووەتەوە، لەلایەن هەندێ پەیج زانیاریی بێ بنەمای زانستی بڵاودەکرێتەوە "ڕێک کۆپی پەیستی نەخشەیە"، نموونەی ئەم نەخشانە بەهیچ شێوەیەك بۆ مەودای دوور نایپێکن و تەنانەت زۆرجار لە ماوەی هەفتە و چەند ڕۆژێك پێشبینییەكانیان شكست دەهێنێت.

لە كۆتایی بڵاوكراوەكەی شاڵاو هیدایەتدا هاتووە، لە شەموو تا کۆتایی ئەم مانگە چەندان شەپۆلی دابارین ناوچەکانمان دەگرنەوە، دووپاتی لەوەیش كردووەتەوە، زۆرینەی شەپۆلەکان بارانی باشیان پێوەیە، بەگشتی لە نێوان چارەگە کۆتایی مانگ و بەولاوە سەرمای توند دەست پێ دەکات و بازنەی بەفربارین بەشێوەی بەرفراوان دادەبارێت و زستانێکی سەخت دەست پێ دەکات.


وشە - رزگار خدر