"مێتا" ئەم تایبەتمەندییە هاوبەشەی نێوان فەیسبووک و ئینستاگرام ڕادەگرێت

:: AM:12:39:08/12/2023 ‌

کۆمپانیای مێتا ڕای گەیاند ئەنجامدانی چاتی نێوان فەیسبووک و ئینستاگرام لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا ڕادەگرێت.

مێتا، سێ ساڵ لەمەوبەر توانیی خزمەتگوزاریی نامەناردنی خێرا لە "مەسنجەری فەیسبووک" بە "ئینستاگرام"ەوە ببەستێتەوە، بۆ ئەوەی بەکارهێنەران بتوانن لە ڕێگەی هەردوو پلاتفۆرمەکەیەوە نامە ئاڵوگۆڕ بکەن.

بەپێی ئەوەی لە ڕێگەی بەشی پشتگیریی فەرمییەوە بڵاوکراوەتەوە، بەکارهێنەرانی ئینستاگرام ناتوانن گفتوگۆی نوێ لەگەڵ هەژمارەكانی فەیسبووک ئەنجام بدەن یان پەیوەندییان پێوە بکەن.

هەروەها گفتوگۆکانی نێوان بەکارهێنەرانی هەردوو پلاتفۆرمەکە وەک خۆیان دەمێننەوە، بەوپێیەی تەنها بۆ خوێندنەوە بەردەست دەبن، بەبێ ئەوەی توانای ئاڵوگۆڕی پەیامی نوێیان هەبێت.

هەژمارەكانی فەیسبووک ناتوانن باری چالاکیی هەژمارەكانی ئینستاگرام ببینن، هەروەها هەر چاتێک کە بە هەژماری فەیسبووک ئەنجام بدرێت ناگوازرێتەوە بۆ بۆکسی نامەی هاتووی مەسنجەر.

چات و پێوەندییەكان لە مەسنجەر بە بەکارهێنانی هەژماری فەیسبووک تەنها دوای بەردەستبوونی گۆڕانکارییە نوێیەکان دەست پێ دەکەنەوە.

هێشتا نازانرێت هۆکارەکانی پشت ئەم گۆڕانکارییانە چین، بەڵام پێ دەچێت پەیوەندییان بە یاسای بازاڕە دیجیتاڵییەکانەوە هەبێت کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا دەرچووە و بەشێکن لەو ڕێکارە فراوانانەی مێتا، کە خۆی ئامادە دەکات بۆ پابەندبوون بەو یاسایە.

یاساکە کۆمپانیا گەورەکان ناچار دەکات کە کارکردنی یەکتر لە نێوان پلاتفۆرمی پەیام ناردنەکاندا دەستەبەر بکەن.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مێتا توانای وەرگرتنی نامە لە بەرنامەکانی نامە ناردنی دەرەکی لە بەرنامەی "واتسئەپ"دا تاقی دەکاتەوە.

هەروەها کۆمپانیاکە لەم دواییانە هەندێک گۆڕانکاریی لە خزمەتگوزاریی ماسنجەردا کردووە، لەوانە وەستاندنی پشتگیری بۆ کورتەنامە/MMS لەسەر ئەندرۆید، هەروەها داخستنی بەرنامەی Messenger Lite.



وشە - رزگار خدر