مارێكی زەبەلاح ئافرەتێك قووت دەدات

:: AM:09:22:09/06/2024 ‌
لە رووداوێكی مەترسیداردا هاووڵاتییانی گوندێكی ئەندەنووسیا، ئافرەتێك لە جلوبەرگەوە لە ناو سكی مارێكی زەبەلاح دەردەهێنن. رۆژێك پێشتر مارەكە ئەو ئافرەتەی قووت دابوو.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم نۆی حوزیران، گرتەیەكی ڤیدیۆیی قووتدانی ئافرەتێكی لەلایەن مارێكی زەبەلاحەوە بڵاو كردەوە. ئاماژە بەوە دراوە كە ئافرەتەكە خەڵكی كالیمبانگی كەرتی سولاویسی ئەندەنووسیایە، لە دارستانی گوندەكە مارێكی زەبەلاحی پێنج مەتری، پەلاماری داوە و قووتی داوە، تا ئەوكاتەی هاووڵاتییانی گوندەكە پێی دەزانن و لە سكی مارەكەی بە مردوویی دەردەهێنن.

سواردی روسی سەرپەرشتیاری گوندەكە بۆ میدیاكان گوتوویەتی، ئافرەتەكە ناوی "فەریدە"یە و خاوەنی چوار منداڵە، ئێوارەی پێنجشەمی رابردووەوە دیار نەما، بۆیە خەڵكی گوندەكە بەدوایدا دەگەڕان، لە ناكاودا مارێكی زەڵاحیان دیتبوو كە سكێ ئاوسابوو، بۆیە مارەكەیان كوشت و كاتێك سكی دەدڕێنن، دەبینن فەریدە بە جلوبەرگەوە لە سكی مارەكەدایە.

هاووڵاتییانی گوندەكە گرتەیەكی ڤیدیۆیی كاتی دەرهێنانی فەریدەیان لە سكی مارەكە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كردووەتەوە.

لە ساڵانی رابردوودا لە ئەندەنووسیا چەند جارێك ئەو حاڵەتە دووبارە بووەتەوە كە مار پەلاماری مرۆڤی داوە و قووتی داوە، ئەو ناوچەیە بەوە دەناسرێتەوە كە ژمارەیەك ماری زەبەلاحی تێدایە. 

ئاماژە دراوە كە ساڵی رابردوویش هاووڵاتییانی ناوچەی تینانجیا لەو وڵاتە، مارێكیان بینیبوو كە درێژییەكەی هەشت مەتر بووە، لە سكی ئەو مارەدا جووتیارێكیان دەرهێناوە كە لەو ناوچەیە خەریكی كشتوكاڵ بووە.

لە ساڵی 2018یشدا ئافرەتێكی تەمەنی 54 ساڵی لە شارۆچكەی مونای باشووری وڵاتەكە، لە سكی مارێكی حەوت مەتری دەرهێنرابوو.

لە ساڵی 2017یشدا مارێكی چوار مەترسی پەلاماری جووتیارێكی ناوچەكەی دابوو و قووتی دابوو.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د